گۆڕەپانێک لە قەزای بنەسڵاوە بوەتە زبڵدان
964+
زبڵێکی زۆر لە گۆڕەپانێکی قەزای بنەسڵاوە کۆبوەتەوە، سەرۆکی شارەوانی بنەسڵاوە دەڵێت هەموو رۆژ پاکی دەکەینەوە، بەڵام هێندە نابات وەک خۆی لێدێتەوە.
بنەسڵاوە سەنتەری قەزای دەشتی هەولێرە، لەبەشی رۆژهەڵات بە 10 کیلۆ مەتر لە سەنتەری شاری هەولێر دوورە.
ئەو شوێنەی زبڵی لێکۆبۆتەوە، نزیکی مزگەوتی سەید کاکەیە، هاوکات چەند مەترێک لە قوتابخانەی بنەسڵاوەی سەرەتایی دوورە.
هاوکار حەسەن، ماڵەکەی نزیکی ئەو گۆڕەپانەیە بۆ 964 قسەیکرد دەڵێت، شارەوانی دوو رۆژ پاکی نەکاتەوە دەبێتە زبڵدان، تەنانەت ماوەیەک بەر لە ئێستا شارەوانی حاویەی زبڵی لێدانا، بەڵام بەچەند رۆژێک دیار نەما.
هاوکار ئەوەشی وت، هەندێک خەڵک گوێ بەهیچ رێنماییەک نادەن بەردەوام زبڵ لێرە فڕێدەدەن، بەتەواوی بێزار بووینە.
زریان سەباح، سەرۆکی شارەوانی بنەسڵاوە لەبارەی کۆبونەوەی زبڵ لەو گۆڕەپانە بۆ 964 وتی “تیمەکانمان بەردەوام ئەو شوێنە پاک دەکەنەوە، بەڵام ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ هۆشیاری خەڵک کە چەندین جار ئاگادارمان کردونەتەوە، بەڵام هەمان شت دووبارە دەکەنەوە”.
لەبارەی سزادانی ئەو خەڵکەی لەو شوێنە زبڵ فڕێدەدەن زریان سەباح، وتی “بە ڤیدیۆ و فۆتۆ لامانە چەندینجار تیمەکانمان پاکیانکردۆتەوە، بەڵام دوای رۆژێک وەک خۆی لێدێتەوە، ئێمە ناتوانین لە دەرگای خەڵک بدەین و سزایان بدەین”.
قەزای دەشتی هەولێر کە سەنتەرەی قەزاکە بنەسڵاوەیە، هەریەکە لە ناحیەکانی دارەتوو، قوشتەپە و کەسنەزان لەخۆدەگرێت، لە ساڵی 2002 بڕیاری بە قەزا بوونی دەرچووە.