مۆندیالی هه‌رێمه‌كان له‌ كوردستان ده‌كرێت

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

فیدراسیۆنی تۆپی پیًی كوردستان رایگه‌یاند، هه‌رێمی كوردستان مافی میوانداریكردنی جامی كۆنیفای 2024ی به‌ده‌ستهێنا.

فیدراسیۆنه‌كه‌ دره‌نگانی شه‌وی رابردوو له‌ رێگه‌ی سۆشیال میدیای خۆیه‌وه‌ بڵاویكرده‌وه‌، هه‌رێمی كوردستان میوانداریی جامی كۆنیفای 2024 بۆ هه‌رێمه‌كان ده‌كات.

هه‌رێمی كوردستان له‌ رێگه‌ی فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان، پێشتر داواكاری و ئۆفه‌ری ئه‌وه‌ی پێشكه‌ش كردبوو، ئاماده‌یه‌ میوانداریی پاڵه‌وانیه‌تییه‌كه‌ بكات و پێشوازی له‌ 16 هه‌ڵبژارده‌ بكات.

له‌ 15ی مانگی رابردووش شاندێكی رێكخراوی تۆپی پێی نوێ “كۆنیفا” سه‌ردانی یاریگه‌ و شاره‌كانی هه‌رێمیان كرد و زۆر شوێنیان به‌سه‌ر كرده‌وه‌.

فیدراسیۆنی نوێی تۆپی پێ، ناسراو به‌ كۆنیفا، لە 2013 دامەزراوە و فیدراسیۆنێكی تایبه‌ته‌ به‌ هه‌رێمه‌كان، به‌ تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی وڵاتی سه‌ربه‌خۆ نین و هه‌رێمی كوردستانیش له‌ رێگه‌ی فیدراسیۆنی تۆپی پێیه‌وه‌ ئه‌ندامی فیدراسیۆنه‌كه‌یه‌.

تۆپی پێی كوردستان پێشتر له‌ 2012 میوانداریی جامی ڤیڤای بۆ هه‌رێمه‌كان كرد و هه‌ر خۆیشی نازناوه‌كه‌ی برده‌وه‌، هه‌روه‌ها چه‌ند جارێكی دیكه‌ له‌ سوێد و ئیتالیا، ماڵتا و ئه‌بخازیا به‌شداریی پاڵه‌وانیه‌تیی هه‌رێمه‌كانی كردووه‌.