22ـی نیسانە و رۆژی رۆژنامەگەری کوردییە
“دەخوازین سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان مامەڵەیەکی دروست لەگەڵ رۆژنامەنووساندا بکەن”
964+
فەرمان سادق
ئەمڕۆ 22.4.2023، ساڵڕۆژی رۆژنامەگەری کوردییە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ 125 ساڵ پێش ئێستا کە یەکەمین رۆژنامەی کوردی بەناوی رۆژنامەی کوردستان لەلایەن میقداد مەدحەت بەدرخان دەرچوو.
سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان کە ساڵانە لەم یادەدا چالاکی جۆراوجۆر ئەنجامدەدات، بەڵام بۆ ئەمساڵ بەهۆی ئەوەی یادەکە هاوکاتە لەگەڵ دووەم رۆژی مانگی رەمەزان، هیچ جالاکییەکی نییە جگە لە دەرکردنی بەیاننامەیەک نەبێت.
پارساڵ پەرلەمانی کوردستان بە فەرمی رۆژی 22.4.2023، وەک رۆژی رۆژنامەگەری کوردی پەسند کرد.
ئەمەی خوارەوە دەقی بەیاننامەی رۆژنامەنووسانی کوردستانە
بەیاننامەی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان لەساڵیادی رۆژی رۆژنامەگەری كوردی و دامەزراندنی سەندیكا
پیرۆزبێت 125ــەمین ساڵڕۆژی رۆژنامەگەریی کوردی
22ـی نیسانی 2023 ساڵڕۆژی 125 ساڵیادی رۆژنامەگەریی کوردییە، کە لەم رۆژەدا لە قاهیرەی پایتەختی میسر، یەکەمین رۆژنامەی کوردی بەناوی کوردستان لەلایەن میقداد مەدحەت بەدرخان دەرچوو.
لەم بۆنەیەدا پیرۆزبایی لە تەواوی رۆژنامەنووسانی کوردستان دەکەین، دەخوازین ئەم ساڵیادە ببێتە مایەی باشتر بەڕێوەچوونی کاری میدیا لە هەرێمی کوردستان.
لەگەڵ ئەوەی پارساڵ پەرلەمانی كوردستان بەیاسایەك رۆژی رۆژنامەگەری كوردی به22ی نیسان چەسپاند، هاوکات ئەم ساڵ دەكاتە 25ــەمین ساڵرۆژی دامەزراندنی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستانيش، لەپێناو خزمەتكردن و داکۆکیکردنی بێ جیاوازی لە رۆژنامەنووسانی کوردستان.
لەم دوو بۆنە گرنگەدا، دەخوازین سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان مامەڵەیەکی دروست لەگەڵ رۆژنامەنووساندا بکەن، هەروەها میدیاکارانیش پیشەییانە ئەزموونی کارەکانیان بکەن، بۆ ئەوەی هەمووان بەیەکەوە باشتر ئەرکەکانیان بەڕێوەببەن، لەم رووەوە سەندیكا ناڕەزایەتی راشكاوانەی خۆی لەدژی ئەو پێشلێكاریانەی بەرامبەر بە رۆژنامەنووسانی پیشەیی و ئازادی میدیا دەردەبڕێتو داكۆكی لەسەرجەم رۆژنامەنووسان دەكات.
لە ساڵیادی رۆژنامەگەریی کوردیدا، سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان کاردەکات بۆ هەموار کردنەوەی هەردوو یاسای سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان ژمارە 4ـی ساڵی 1998 و ژمارە 35ـی ساڵی 2007ـی کاری رۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی هەمواری یاساکە خۆی لەگەڵ کاری سەردەمیانەی میدیادا بگونجێنێت و ببێتە فاكتەری رێكخستنەوەی میدیایی لەهەرێمی كوردستان ،لەم روانگەیەوە هەنگاوی كردەیی بنرێت بۆ باشتركردنو دەستەبەركردنی ماف و گوزەرانی رۆژنامەنووسان لەرووی یاساییو گرێبەستەوە، هەروەها کاردەکات بۆ بوژاندنەوەو رێکخستنەوەی سندووقی خانەنشینیی رۆژنامەنووسان.
ئەنجوومەنی سەندیکا، ئامادەكاری دەكات بۆ بەڕێوەبردنی کۆنگرەی چوارەمی سەندیكای رۆژنامەنووسان، بەشێوەیەك کۆنگرەیەکی بەرهەمدار و پیشەییانە بێت، لەپێناو بەرژەوەندی رۆژنامەنووسان و باشترکردنی رەوشی میدیا لە هەرێمی کوردستان.
لە کاتێکدا یادی رۆژنامەگەریی کوردی دەکەینەوە، بەداخەوە دۆخی بەشێكی میدیا لە هەرێمی کوردستاندا، لەسەر رێچکەو پرەنسیپی پیشەیی كارناكات و ئیتیکی کاری رۆژنامەنووسی فەرامۆشکراوە، بۆیە ئەنجوومەنی سەندیکا هەوڵ دەدات لە ڕێگەی پلانەكانی کاری خۆی، زمانی میدیایی و بەهێزکردنی بنەماکانی دیموکراسی و نیشتمانی پەرەپێبدرێت، هەروەها لە بیرۆکەو پڕۆژەی یاسای پاراستنی تایبەتمەندی كەسی، مافی رۆژنامەنووسان و ئەرکەکانیان باشتر رێكبخرێتەوە.
هاوکات سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، بەردەوام دەبێت لەسەر ئەو پرەنسیبە پیشەیی و ئەخلاقیانەوەی کە وەک بنەمای سەرەکی کارکردنی لەسەری دامەزراوە، بۆ ئەوەی خزمەتی زیاتری رۆژنامەنووسانی کوردستان بکات و بەرگریش لە رەخساندنی زەمینەی زیاتری ئازادی دەکات بۆ کاری رۆژنامەنووسی.
لەم یادە سەنگین و مێژووییەدا رایدەگەیێنین، لە کۆنگرەی ساڵی رابردووی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی رۆژنامەنووساندا کە لە مەسقەتی پایتەختی شانشینی عوممان بەڕێوەچوو، سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، لە یەکێتی رۆژنامەنووسانی ئاسیاو زەریای هادی بەئەندامی کارا قبوڵکرا و لەگەڵ بردنەوەی كورسیەكی ئەندامێتی لە مەکتەبی تەنفیزیی جێندەری فیدراسیۆنی رۆژنامەنووسانی جیهان کە دوو دەستکەوتی گرنگن بۆ رۆژنامەنووسانی کوردستان.
لەپەراوێزی رۆژی رۆژنامەگەری كوردی و ساڵیادی دامەزراندنی سەندیكادا، ئەنجوومەنی سەندیکا بڕیاریداوە، بە کردنەوەی نووسینگە لە(زاخۆ و ڕاپەڕین)، بۆ زیاتر خزمەتکردن و داکۆکیکردن لە رۆژنامەنووسانی سنووری ئەم دوو ئیدارە سەربەخۆیە.
لەم ساڵیادەدا، یادی هەموو ئەو رۆژنامەنووسانە دەکەینەوە کە لە ژیاندا نەماون و رۆژێک خزمەتی کاروانی میدیای کوردیان کردووەو هیوای پیشەیی بوونی زیاتریش بۆ کاری ئەو رۆژنامەنووسانە دەخوازین کە بەردەوامن لەخزمەتی بەرەوپێشچوونی میدیا لەكوردستاندا.
جارێکی دیکە پیرۆزبێت ساڵیادی رۆژنامەگەریی کوردی و دامەزراندنی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان.ئەنجوومەنی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان
22ـی نیسانی 2023
هەولێر- پایتەختی کوردستان