لە گەرمیان فاسۆلیا و برنج 10 کەسی رەوانەی تەواری کردووە

+964
هونەر فارس

تەنیا لە نیوەی یەکەم رۆژی جەژندا 60 هاوڵاتی رەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژاری کەلار کراون، 10 کەسیان بەهۆی تێکچوونی گەدەیانەوە بووە، بە وتەی نەخۆشخانەکە.

لەناو ئەو نەخۆشانەدا کە رەوانەی نەخۆشخانەکە کراون برینداری تەرەقە و تەسەمومی گەدە هەن، بەهۆی زۆر خواردنەوە.

رزگار لەتیف جێگری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار، بە تۆڕی 964ی راگەیاند، حەوت لەو کەسانەی سەردانی نەخۆشخانەکەیان کردووە بەهۆی رووداوی کەوتنە خوارەوە و یەک کەسیان بەهۆی بەرکەوتنی فیشەک و کەسێکیان بەهۆی کارەباوە بووە.

ئەوەی دەمێنێتەوە، پێنج برینداری رووداوی هاتوچۆ و دوو برینداری شەڕەچەقۆ و بریندارێکی تەرەقەی ئاگرینە، لەگەڵ 10 کەسیان کە بەهۆی خواردنی جەژنەوە گەدەیان تێکچووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، سەرجەم نەخۆش و بریندارەکان چارەسەری پێویستیان بۆ کراوە و برینەکانیان سوکە.