مۆندیالی قه‌ته‌ڕ چه‌ند تایبه‌تمه‌ندییه‌كی نوێ به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینێت

964+

ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵلا – هه‌ولێر

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م یارییه‌كانی مۆندیالی 2022 له‌ قه‌ته‌ڕ له‌ تۆپی پێ ده‌ستپێده‌كات، كه‌ تێیدا بۆ یه‌كه‌مجار له‌ مێژووی مۆندیاله‌كاندا پێنج تایبه‌تمه‌ندیی تازه‌ دێنه‌ ئاراوه‌.

دوای چاوه‌ڕوانی چوار ساڵ، ئه‌مڕۆ ئێواره‌ كاتژمێر حه‌وت به‌ كاتی كوردستان، به‌ یاریی نێوان قه‌ته‌ڕ و ئیكوادۆر، مۆندیالی 2022 ده‌ستپێده‌كات.

له‌ مۆندیالی قه‌ته‌ڕدا پێنج تایبه‌تمه‌ندیی نوێ هه‌ن، كه‌ له‌ مۆندیاله‌كانی دیكه‌دا نه‌بوون، كه‌ ئه‌مانه‌ن:

ناوبژیوانی ئافرەت
لە نێوان 105 ناوبژیوان، فیفا بڕیاری دا سێ ناوبژیوانی ئافره‌ت وه‌ك ناوبژیوانی ناوه‌ڕاست به‌شداریی به‌ڕێوه‌بردنی یارییه‌كان بكه‌ن، ئه‌وانیش ستیفانی فراباری فەرەنسی، سالیما مۆکاسینجای رواندایی و هه‌روه‌ها یوشیمی یاماشیتای ژاپۆنی، له‌گه‌ڵ ئه‌وانیشدا سێ ناوبژیوانی دیكه‌ی ئافره‌ت وه‌ك یاریده‌ده‌ری ناوبژیوان به‌شداریی به‌ڕێوه‌بردنی یارییه‌كان ده‌كه‌ن.

تەکنەلۆژیای ئۆفسایدی نیمچە ئۆتۆماتیکی
بۆ یەکەمجار لە مۆندیالی 2022 تەکنەلۆژیای ئۆفسایدی نیمچە ئۆتۆماتیکی بەکاردەهێنرێت، ئەم تەکنەلۆژیایە ناوبژیوانان بە وردی لە بوونی حاڵەتی ئۆفساید ئاگادار دەکاتەوە.

بژمێری کارتەکان
ئەگەر یاریزانێک یان دەستەی راهێنەران لە دوو یاریی جیاوازدا دوو کارتی زەردیان وەرگرت، بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی بۆ یاریی دواتر سڕ دەکرێت، بەڵام بۆ ئەوەی هیچ یاریزانێک لە یاریی کۆتایی بێبەش نەکرێت، لە قۆناغی پێشکۆتاییدا بژمێری ئاگادارکردنەوە سفڕ دەکرێتەوه‌ و كارته‌كان ده‌سڕێنه‌وه‌.

زیادکردنی ژمارەی گۆڕانکارییەکان
فیفا دوای هه‌مواركردنه‌وه‌ی چه‌ند یاسایه‌ك له‌ دواكۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی به‌ڕێوه‌بردنیدا، بڕیاری دا بە شێوەیەکی کۆتایی پێنج گۆڕانکاریی لە یارییەکاندا بۆ یاریزانان بکرێت، به‌ڵام ئه‌م گۆڕانكارییانه‌ ده‌بێت له‌ سێ كاتی جیاوازی یارییه‌كه‌دا بكرێن.

تۆپی مۆندیال
تۆپی فەرمی مۆندیالی قه‌ته‌ڕ، كه‌ ناویان ناوه‌ “الرحله‌” رۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە دیاریکردنی حاڵەتە زەحمەتەکانی ئۆفساید، بەو پێیەی تۆپێکی هەستەوەرە و سەرجەم داتاکانی جووڵەی تۆپ، بۆ ژووری کۆنتڕۆڵی ڤیدیۆیی بە خێرایی 500 جار لە چرکەیەکدا دەنێرێت، تەنانەت دیاریی دەکات لە کوێی تۆپەکە دراوە، لە هەمان کاتدا ئاگادارکردنەوەیەکی ئۆتۆماتیکی دەدات بە سیستمی ڤار، کاتێک یاریزانێک لە حاڵەتی ئۆفساید دەبێت، لەگەڵ بوونی چەند تایبەتمەندییه‌كی دیكه‌ی سەرنجڕاکێش لە تۆپەكه‌دا.