دوای هەفتەیەک زەوییەکانی خەبات تینویەتیان شکا

964+

سەعید محەمەد-خەبات

دوای هەفتەیەک لە گیرانەوەی پڕۆژەی ئاوی خەبات، ئەمڕۆ ئاوەکە بەردرایەوە، ئەمەش دوای ئەو ئامادەکارییە هات کە هەفتەی رابردوو مەترسی دروستبونی لافاو هەبوو.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەرێوەبەری هۆبەی ئاودێری خەبات، ئەو هەواڵەی بۆ 964 پشتڕاستکردەوە.

ئەرشەد سەعید، بەرێوەبەری هۆبەی ئاودێری خەبات، بە 964ی وت، “لەسەر بنەمای هۆشداری دەزگای کەشناسی هەرێم، کەناڵی سەرەکی پرۆژەی ئاودێری خەباتمان گرتەوە، دوای پاککردنەوەی ئاوەکە دووبارە بە رووی زەوییە کشتوکاڵییەکان بەردرایەوە”.

بەگوێرەی زانیاری 964 پرۆژەی ئاودێری خەبات، دوو بەشە، بەشی یەکەم پێشتر 42 هەزار دۆنم زەوی ئاو دەدا، بەڵام ئێستا 21 هەزار دۆنم ئاودەدات، تەنیا بەشی دووەم بەتەواوی کاردەکات.

ئەرشەد سەعید دەڵێت، سەرجەم زەوییە کشتوکاڵییەکانی سنوری قەزای خەبات سوود لەم پرۆژە ئاودێریە وەردەگرن.

هەفتەی پێشوو شەپۆلێکی بەخوڕی باران ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانی گرتەوە، چەندین پڕۆژەی ئاودێری و ئاوی خواردنەوە بەهۆی لێڵ بوونی رێژەی ئاوەکەیان بۆ ماوەیەک راگیران.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی