لافاوەكە زیانی پێگەیاندووە

هاتوچۆ لەسەر پردەكەی قەسرۆك بۆ ئاكرێ راگیرا

+964
عەمار عەزیز_دهۆک
بەرزبوونەوەی ئاو و لافاو زیانی زۆر گەیاندە پردی نێوان سەنتەری ناحیەی قەسرۆک و شاری ئاکرێ، حەوت رۆژە هاتوچۆیی ئۆتۆمبێل لەسەر پردەکه قەدەغەکراوە ئەمەش کێشەی زۆر بۆ هاوڵاتیان دروستکردوە.

پردەکە بە 400 بۆ 500 مەترە دەکەوێتە سەنتەری ناحیەی قەسرۆک، درێژییەکەی 98 مەترە و پانیەکەی تەنها سێ مەتر ونیوە.

ساڵح زاهێر ،دانیشتووی کۆمەڵگای خەلیلکانە کەنزیکترین شوێنە بۆ پردەکە بە 964ی وت، پردەکە کەمێک خوار بووە و مەترسی روخانی هەیە، قەدەغەکردنی هاتۆچۆ لەسەر پردەکە کێشەی زۆر بۆ خەڵک دروستکردوە، چونکە ئەوان بۆ کرینی پێداویستیەکان دەچینە ناحیەی قەسرۆک ئێستا بەناچاردەبن بە پیادە بڕۆین، داوا دەکەین بە زووترین کات پردەکە چاکبکرێتەوە.

مەهران نێروەیی، بەڕێوەبەری ناحیەی قەسرۆک بە 964ی وت،لافاوەکەی 12.4.2023 زیانی زۆر ی گەیاندوەتە  بە پردی نێوان قەسرۆک و شاری ئاکرێ، لەسەر راسپاردەی لیژنەیەکی شارەزا حەوت رۆژە هاتۆچوو کردنی ئۆتۆمبێل قەدەغەکراوە ئەوەش بۆ سەلامەتی گیانی هاوڵاتیان.

مەهران نێروەیی دڵنیایی دەداتە خەڵکی ناوچەکە کە بەزووترین کات پردەکە نۆژەن دەکرێتەوە.
نزیکەی 30 گوند لەگەڵ خەڵکی سەنتەری ناحیەی قەسرۆک هاتۆچوو لەسەر دەکەن ، پردەکە لەساڵی 1993وە دروستکراوە.

پێداچوونەوە: کوردستان ئەحمەد