نزیکەی ١٠٠ منداڵ غاز باران کران

964+ دیلان محەمەد – سلێمانی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ غازی فرمێسکڕێژ هەڵدراوەتە ناو قوتابخانەیەکی بنەڕەتی لە سلێمانی، بەهۆیەوە نزیکەی ١٠٠ منداڵ توشی هەناسەتەنگی و ترس و دڵەڕاوکێ هاتوون. پۆلیسی چالاکییە مەدەنییەکان غازەکەی هەڵداوە، لە کاتی بڵاوپێکردنی خۆپیشاندانی خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی. سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە 964+ی راگەیاند، پۆلیسەکان بە هەڵە غازی فرمێسکڕێژیان هەڵداوەتە ناو قوتابخانەی دیاری بنەڕەتی لە گەڕەکی شەکرەکە کە دە کەوێتە بەرامبەر باڵەخانەی پارێزگای سلێمانی. هاوکات، سامان نادر، بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی بە 964+ی وت، بەهۆی رووداوەکەوە نزیک بە ١٠٠ خوێندکاری منداڵ تووشی بێ هۆشی و هەناسەتەنگی و چاوکزانەوە و ترس و دڵەڕاوکێ هاتوون. بە قسەی سامان نادر، تیمەکانیان بە ئەمبوڵانس چوون بە ھانای منداڵەکانەوە و سەرجەمیان چارەسەرکردوون و رەوانەی ماڵەوەیان کردوونەتەوە.