هۆکاری دانەبەزینی نرخی دۆلار ئاشکرا بوو

964+

فەرمان سادق

رێکارەکانی بانکی ناوەندی نەیتوانیوە بەهای دۆلار لە بازاڕ دابەزێنێت، ئەگەرچی سەرۆکوەزیرانیش رایگەیاند کە نرخەکەی دەبێتە 132 هەزار، بەڵام خاوەنی کۆمپانیایەکی دراو دەڵێت: دۆلاری زۆر بخەنە بازاڕ ئەوا نرخی دادەبەزێت.

بانکی ناوەندی عێراقی، دوێنێ سێشەممە بڕی 224 ملیۆن و 145 هەزار دۆلاری فرۆشتووە و لەم بڕەدا 58 ملیۆن و 900 هەزار دۆلاری بۆ ناوخۆ بووە، هاوکات پێرێ دووشەممە، تەنیا 81 ملیۆن و 785 هەزار دۆلاری فرۆشتووە، رۆژی یەکشەممەش 140 ملیۆن و 326 هەزار دۆلار و هاوکات 12.4.2023 تانیا 114 ملیۆن و 164 هەزار دۆلاری فرۆشتووە.

عەبدولئەحەد کەمال، خاوەنی کۆمپانیای شەمس بۆ ئاڵوگۆری دراو بە 964ـی وت، کەمی خستنەڕووی دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندی هۆکاری سەرەکی دانەبەزینی بەهای دۆلارە لە بۆرسەکانی عێراق بەرامبەر بە دینار.

ئەو قسەیەی خاوەنی کۆمپانیای شەمس لە کاتێکدایە دوێنێ سێشەممە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، بەمزوانە نرخی دۆلار لە بازاڕی ئازاد هاوتای نرخی فەرمی بانک دەبێت کە 132 هەزارە.

عەبدولئەحەد کەمال، ئاماژەی بەوەدا کە لێدوانەکەی سەرۆک وەزیران هیچ کاریگەری لەسەر بازاڕ و دابەزینی بەهای دۆلار دروست نەکردووە، دەشڵێت: ئەوەی کە کاریگەری دروستدەکات خستنەڕووی دۆلارە لەلایەن بانکی ناوەندی، چەندە زۆر بخاتەڕوو، لەسەریشی بەردەوام بێت، ئەوا بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار دادەبەزێت.

ئەو قسانەی خاوەنی کۆمپانیا دراوەکە لە کاتێکدایە ئەمڕۆ چوارشەممە بەهای 100$ =144.350 دینارە، کە هەمان نرخی دوێنێیە.