رۆژنامەی ئێکسپرێسی ئەمریکی: هیوادارین چێژ لە مۆبایلە بۆگەنییەکانتان وەرگرن

964+

فەهمی نەبی

رۆژنامەی EXPRESSی پاشکۆی رۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمریکی، دواین ژمارەی چاپی کاغەزی بڵاوکردەوە و لە لاپەڕەی یەکەمی رۆژنامەکە بە گەورەیی نوسراوە “هیوادارین چێژ لە مۆبایلە بۆگەنییەکانتان وەرگرن”.

وەستانی رۆژنامەی ئێکسپرێس لەکاتێکدایە 16 ساڵە هەموو رۆژێک لە میترۆکانی واشنتۆن بڵاودەکرایەوە.

نوسینی مانشێتی (Hope you enjoy your stinkin’ phones) لەلایەن بەڕێوەبەرانی رۆژنامەکە وەک توانجێک بووە بۆ ئەو کەسانەی لەمەوبەدوا لە مۆبایلەکانیانەوە هەواڵی رۆژانەی رۆژنامەکەیان بەشێوەی ئۆنڵاین پێدەگات.

لە پەڕەی یەکەمی رۆژنامەکە جگە لەو مانشێتە وێنەی سندوقێکی پۆستە دانراوە، کۆدی رۆژنامەکە بووە لەماوەی ساڵانی رابردوو، دەستەی بەڕێوەبەرانی رۆژنامەکە داوایان لە خوێنەرانیان کردووە، لە مۆبایلەکانیان ئەپڵیکەیشنی رۆژنامەکە لای خۆیان دابەزێنن، ئەوەشیان وتوە “بەداخەوە ئەوە دوا چاپمانە”.

بەهۆی وەستانی رۆژنامەی ئێکسپرێس 20 رۆژنامەنووس دەرفەتی کاریان لەو رۆژنامەیە لەدەستداوە، ئەو رۆژنامەنوسانە بە واشنتۆن پۆستیان وتوە ئەوانیش لەکاتی دەرچوونی رۆژنامە ئەو هەواڵە کتوپڕەیان پێگەیشتووە.

بەڕێوەبەرانی ئەو رۆژنامەیە هۆکاری سەرەکی ئەو بڕیارەیان بۆ ئەوە گەڕاندۆتەوە، کە لە وێستگەکانی میترۆ هێڵی ئینتەرنێت بەهێزە و خەڵک هێندەی مۆبایل بەکاردێنێت هێندە رۆژنامە ناخوێنێتەوە.