شێلم خواردن دەستیپێکرد
964+
ئەحمەد مستەفا – سلێمانی
ڤیدیۆ
ساڵانە لەم کاتانەدا کە بەرەو وەرزی سەرما دەچین بازاڕی شێلم دەبوژێتەوە، بەهۆی کەشە ساردەکەیەوە، خەڵکی زیاتر شێلمی گەرم دەخۆن لە بازاڕەکاندا.
ئەم دیاردەیە لە سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان هەیە، بەڵام لە سلێمانی بە تایبەت تر.
964+ چووە ناو بازاڕی سلێمانی، شەقامی ئۆرزدی، بە بینی خەڵکی پۆل پۆل خەریکی شێلم خواردنن، بە تایبەتی لە ئێواراندا.
وەستا غەریب رەئوف، ماوەی ١٥ ساڵە لەناو بازاڕی سلێمانی شێلمی کوڵاو دەفرۆشێت، یادەوەری کۆن دەگێڕێتەوە و دەڵێت، “لەبەردەم مزگەوتی حاجی خانی لە سلێمانی، لە کاتی سەرما و تایبەت وەرزی زستاندا لەگەڵ نوێژی بەیانی خەڵک شێلمی کڕیوە بۆ ناشتای بەیانی بردویانەتەوە بۆ ماڵەوە”.
وەستا غەریب، بۆ 964+ی باسکرد، “ئێستا لە سەرەتای وەرزی پایز تا نزیکی وەرزی بەھار، شێلمی کوڵاو کڕیاری خۆی ھەیە، شێوازی ئامادەکردنیشی یەکێکە لەو ھۆکارانەی وادەکات کڕیار زیاتر بۆ لای خۆمان ڕابکێشین”.
زۆرێک لە خواردنە کوردەواریی و گەرمەکان، لەگەڵ دەستپێکی وەرزی سەرما و سۆڵەدا لەنێو بازاڕەکانی سلێمانیدا دەفرۆشرێن، بە تایبەت شێلم، حەڵوا، پاقلە و شیرینی.
دلێر باھیر، یەکێک بوو لە کڕیارەکانی وەستا غەریب بە 964+ی وت، “بەردەوام شێلم دەخۆم، بەڵام ئەگەر باس لە وەرزی سەرما بکرێت سەروپێ و قاز و قەلیش دەخۆم”.
نرخی کیلۆیەک شێلم بە میوەیی، ئێستا لە بازاڕدا بە ٧٥٠ دینارە و فرۆشیارانی دەڵێن، زیاتر لە دەشتی شارەزوور و شارباژێر بەرھەم ھێنراون.
هەروەها نرخی شێلم بە کوڵاوی بەگوێرەی قاپەکەی، لە ٥٠٠ دینارەوە دەستپێدەکات.