لە تۆماری زانکۆی دهۆک کەلوپەل و پارە دیار نەماوە
964+
زەید کۆچەر-دهۆک
لە تۆماری گشتی زانکۆی دهۆک، بڕێک پارە و کەلوپەل دیارنەماوە، سەرۆکایەتی زانکۆ کەیسەکەی رادەستی پۆلیس کردووە و ئێستا لەژێر لێکۆڵینەوەیە.
زانکۆ دهۆک دەڵێت هێشتا خەمڵاندن بۆ بڕی ئەو پارە و کەلوپەلانە نەکراوە کە دیارنەماون، بەڵام ئەوەش دەڵێن، بڕەکەی زۆرە.
عیسمەت خابوری، بەرپرسی راگەیاندنی زانکۆی دهۆک بە 964ی وت “دیانەمانی ئەو کەلوپەلانە و ئەو بڕە پارەیە لە فەرمانگەی تۆماری گشتی زانکۆ روویداوە، ئێمە کەیسەکەمان داوەتە بەشی نەهێشتنی تاوانی پۆلیس، هێشتا نازانین ئەو بڕە چەندە”.
964 پەیوەندی بە هێمن سلێمان وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای دهۆک کرد، ئەو دەڵێت: هێشتا ئەو بابەتە نەهاتۆتە لای ئێمە، هەندێک بابەت هەیە سێ بۆ چوار رۆژی پێدەچیت تا دەگاتە ئێمە، لەوانەیە بابەتەکە هێندە گەورە نەبێت بەڵکو سۆشیال میدیا گەورەی کردبێت.
سەرچاوەیەک کە نەیوەیست ناوی ئاشکرا بکرێت، وتی “سێ کەس لەسەر ئەم کەیسە دەستگیرکرابوون، بەڵام بە کەفالەت ئازاد کراون”.
بەگوێرەی زانیاری 964 ئەو پارەیەی دیار نەماوە دەخەمڵێندرێت بە 20 ملیۆن دینار لەگەڵ چەندین لاپتۆپ و کامێرا.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی