لە پشووەکانیشدا دابەشکردنی موچە بەردەوام دەبێت

 964+

فەرمان سادق

لەگەڵ ئەوەی لە بەیانییەوە پشووە تاوەکو هەفتەی داهاتوو، وەزارەتی دارایی دەڵێت: دابەشکردنی موچە بەردەوام دەبێت.

ئەمڕۆ سێشەممە 18.4.2023، حکومەتی هەرێمی کوردستان پشووی جەژنی چوارشەممەی سووری راگەیاند کە دەکاتە سبەینێ، هەروەها پشووی جەژنی رەمەزانیشی راگەیاند لە لە رۆژی پێنجشەممە 20.4.2023 دەستپێ دەکات تاوەکو 24.4.2023.

بەپێی خشتەی موچە بێت کە وەزارەتی دارایی بڵاوی کردووەتەوە، رۆژی چوارشەممە موچەی هیچ وەزارەتێک دابەش ناکرێت و رۆژی پێنجشەممە موچەی سێ سەرۆکایەتییەکە و خانەنشینی پێشمەرگە دابەشدەکرێت، کە ئەو رۆژە بووەتە پشوو.

وەزارەتی دارایی و ئابووری، دوای ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژی پێنجشەممەی کردە پشوو، دەستبەجێ لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت: ئەو بانکانەی تێیاندا موچەی فەرمانبەران دابەشدەکرێت، دەوام دەکەن.

وەزارەتی دارایی لە راگەیەندراوەکەی دەڵێت: بە بڕیاری وەزیری دارایی و ئابووری لە رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممەی ئەم هەفتەیە دەوامی ئەو بانکانە ئاسایی دەبێت کە ئەرکی دابەشکردنی موچەیان لە ئەستۆ دایە.

بەگوێرەی خشتەی موچە بێت، ئەمڕۆ وەزارەتەکانی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، شارەوانی و گەشتوگوزار و ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوون دابەش دەکرێت.