پردەکەی کونەماسی خەریکە دەڕوخێت

964+
هاوبەش ئەبوبەکر
بەشێک لە پردەکەی سەیرانگای کونەماسی، کە سنوری ناحیەی گاپیڵۆن دەبەستێتەوە بە سنوری قەزای ماوەتەوە، رۆچووە و خەریکە دەروخێت.
بەڕێوەبەرایەتی ناحیەی گاپیڵۆن رۆژی دووشەممە لە فەیسبوکی خۆیان ئاگادارییەکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، پردی “قسیس” بەهۆی لافاو و لادانی رێڕەوی ئاوی چەمەکە داکەوتووە و چەند پایەیەکی تەقیوە.
“داوا لە هاوڵاتیان دەکەین پردەکە بەکارنەهێنن، چونکە ئەگەری داڕمانی هەیەو مەترسی دروست دەکات، لە بری ئەو رێگایە دەتوانن رێگای مۆکەبە بەکاربهێنن”، بەڕێوەبەرایەتی ناحیەی گاپیڵۆن وا دەڵێت.
بە مەبەستی چاککردن و نۆژەنکردنەوەی پردەکە، بەڕێوەبەرایەتی پاراستن وچاککردنی رێگاوبانی سلێمانی لیژنەیەکی تایبەتمەندیان ناردووە و لە رێگەی پشکنین کێشەکانیان دیاریکردووە.
بەڕێوەبەرایەتی ناحیەی گاپیڵۆن دەڵێت، 15 رۆژ لەمەوپێش نوسراویان بۆ بەڕێوەبەرایەتی پاراستن وچاککردنی رێگاوبانی سلێمانی کردووە و “لە ئایندەیەکی نزیکدا کاری پێویست و چارەسەری پردەکە دەکەن.”