ڤیدیۆ: له‌ كه‌ركوك خۆپیشاندان كرا‌

964+
کاروان ساڵحی ، کەرکوک

جارێکی دیکە مامۆستایانی وانەبێژی خۆبەخش له‌ كه‌ركوك خۆپیشاندانیان كرد و داوا ده‌كه‌ن دامەزراندنیان یەکلایی بکرێتەوە، ئەگەریش داخوازییەکەیان جێبەجێ نەکرێت، دوای جەژن لە بەرده‌م بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی کەرکوک چادر هەڵدەدەن و بایکۆتی قۆتابخانەکان دەکەن.

ئەمڕۆ دووشەممە 17.4.2023 مامۆستایانی وانەبێژی خۆبەخش کە ژمارەیان نزیکەی هەزار وانەبێژ دەبێت، بۆ جاری دەیەم دەستیان بە خۆپێشاندان کرده‌وه‌.

ریاز فازڵ، نوێنەری خۆپێشاندەران بۆ تۆڕی 964 ی وتی: “ژماره‌مان نزیکەی هه‌زار وانەبێژ دەبێت، کاتێک چاومان بە وەزیری پەروەردە کەوت، ژماره‌كه‌مان له‌ لایەن بەڕێوەبەری پەروەردەی کەرکوک کرا بە 10 هەزار وانەبێژ، بۆ ئەوەی کەسانی نزیک خۆیان بکەنە نێو لیستەکەوه‌”.

هه‌روه‌ها وتی، مامۆستامان هەیە 10 ساڵە وانەبێژی خۆبەخشە، ئه‌گه‌ر وه‌ڵاممان نەدرێتەوە، راستەوخۆ دوای جەژنی رەمەزان لە بەردەم بینای پەروەرده‌ چادر هەڵدەدەین و دەرگای به‌ڕێوەبەرایەتیی پەروەرده‌ دادەخه‌ین و مانگرتنی سەرتاسەرییش رادەگەیەنین و ناگەڕێنەوە بۆ نێو قوتابخانەکان، داواکارین دابمەزرێین، بە گرێبەست یان هەمیشەیی.

پێداچوونه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا