پێنج یانەی وەرزشی لە کوردستان سزای دارایی دران

964+

فەرمان سادق

یەکێتی تۆپی پێی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا شەش بڕیاری دەرکرد و پێنج یانەش سزای پێژماردن دران.

ئەمڕۆ یەکشەممە 16.4.2023، یەکێتی تۆپی پێی کوردستان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا و تێیدا شەش بڕیاری دەرکرد، لەوانە سزادانی دارایی چەند یانەیەکی خولەکانی کوردستان.

دوای دەرکردنی هەردوو راهێنەری یانەی ئاکرێ و شێروانە بە کارتی سور، مەحمود مەجید راهێنەری ئاکرێ و عدال عەلی راهێنەری شێروانە هەریەکەیان بە 250 هەزار دینار سزا دران.

سەبارەت بە یاری نێوان چوارقوڕنە و یانەی سیروانی نوێ، یانەی چوارقوڕنە بە 250 هەزار دینار سزادرا بەهۆی هەڵدانی یاری ئاگرین لەلایەن هاندەرانیەوە، لەکاتی دووبارەکردنەوە یارییەکانیان دەگوازرێتەوە بۆ یاریگایەکی تر.

سەبارەت بە یاری نێوان یانەی سیروانی هەڵەبجە و یانەی پێنجوێن، یاریزان سیروان مەحمود بە 250 هەزار دینار سزا درا و بۆ سێ یاریش راگیرا بەهۆی جنێودان و هێرشکردنە سەر دەستەی ناوبژیوانان.

هاوکات یانەی سەیدسادق بە 500 هەزار دینار سزا درا و یاری داهاتووشی لە دەرەوەی یاریگای خۆی دەبێت، بەهۆی هەڵسووکەوتی دوور لەگیانی وەرزشی لەلایەن هاندەرانی یانەکە و هێرشکردنە سەر دەستەی ناوبژیوانان لەیاریەکەیان بەرامبەر یانەی ئاراڕات.

هەروەها بڕیاری دوورخستنەوەی چارەسەرکاری یانەی سەید سادق، کۆسار ئیبراهیم، بۆ ئەم وەرزەی خولی نایابی کوردستان 2022-2023، هەروەها 250 هەزار دیناریش سزا درا.