شوتی دەشتی بەردەڕەش، لە عەلوەی کۆنی هەولێر وێنە:964+
لە سلێمانییەوە شوتی ئێرانی بۆ هەموو عێراق دەڕوات
بەرزبوونەوەی پلەی گەرما خواستی لەسەر شوتی زیادکردووە
964+
ئەحمەد مستەفا – سلێمانی
بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و مانگی رەمەزان دوو ھۆکاری سەرەکین کە بوونەتە ھۆی بەرزبوونەوەی خواست لەسەر شوتی، رەنگی سور و تامیشی شیرینە.
بە مەزەندەیی رۆژانە 30 ترێلەی بارھەڵگر کە ھەریەکێکیان 25 تۆن شوتی ھەڵگرتووە دەھێنرێتە ناو عەلوەی سلێمانی و شوتییەکانیش دوو جۆرن، خڕ و سپی.
سامان محەمەد فرۆشیارێکی شوتییە لە عەلوەی ھاوچەرخی سلێمانی بە 964ـی وت، تاوەکو ناوەڕاستی مانگی ئایار و پێگەشتنی شوتی عوزێم و جەبارە و پردێ و دواتریش پێنجوێن، شوتی هەر لە ئێرانەوە ھاوردە دەکەین.
دەشڵێت: عەلوەی سلێمانی، بووەتە ناوەندی ھەناردەی شوتی ئێرانی بۆ شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق.
کیلۆی شوتی بە نرخی کۆ لەناو عەلوەکاندا نرخەکەی لەنێوان 400 دینار بۆ 750دینارە، کاتێکیش دەگاتە دەستی کڕیار نرخەکەی دەگاتە 750 بۆ 1000 ھەزار دینار.
سامان دەشڵێت: تا دوو ھەفتە پێش ئێستا، ھەر شوتییەک دەھاتە ناو بازاڕوە رەنگی كاڵ بوو، بەڵام ئێستا رەنگی تەواو گۆراوە بە سور و تامیشی تەواو شیرین بووە.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق