پارێزەرانی چەمچەماڵ دژی سەرتاشینی هاوپیشەکەیان هاتنەدەنگ
+964
هۆگر عەدنان
دوای ئەوەی لە شاری هەولێر، پارێزەرێک سەری دەتاشن و ئەشکەنجەیەکی زۆری دەدەن، ئەمڕۆ پارێزەران لە شار و شارۆچکەکاندا گردبوونەوە و داوای سەروەری یاسا دەکەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە بەشێک لە پارێزەرانی دادگای بەرایی چەمچەماڵ وەک ناڕەزایەتییەک هاتنە بەردەم دادگا و داوایان لە سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری کرد، بێتە دەنگ، چونکە بە گوێرەی یاسا هێرشکردنە سەر پارێزەر وەک هێرشکردنە سەر دادوەرێک وایە
هۆگر هارون، سەرۆکی ژووری پارێزەرانی چەمچەماڵ لە بەردەم دادگای بەرایی چەمچەماڵ بەیاننامەیەکیان بۆ کەناڵەکانی راگەیاندن خوێندەوە و رایگەیاند، ” لە یاسای ژمارەی 17ی ساڵی 1999، لە مادەی 22دا هاتووە، ئەوەی هێرش بکاتە سەر پارێزەرێک، وەک ئەوە وایە دەستدرێژی کردبێتە سەر دادوەرێک، بۆیە دەبێت کەسی هێرشکار سزا بدرێت و نابێت ئەم کەیسە پەردەپۆش بکرێت، چونکە ئەم دیاردەیە یەکەم جار نییە رووبدات، پێشتر دژی پێشمەرگە، مامۆستای پەروەردە و مامۆستای ئایینی و هونەرمەند، ئەم جارەش دژی پارێزەر روویدا”.
هۆگر هارونی پارێزەر باسی لەوەش کرد، “لێرەوە رایدەگەیەنین، ئەم هێرشە تەنیا بۆ سەر ئەو هاوپیشەیەمان نییە و بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداری ئەم کەیسە نابین و دەبێت سنوورێک بۆ تاوان و هێرشکاران دابنرێت”
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا