پارێزه‌رانى دهۆك:

ده‌ستدرێژیكردنه‌ سه‌ر پارێزه‌ر و دادوه‌ر وه‌ك یه‌ك وایه‌

964+

هیڤی دێوالی – دهۆک

لقی دهۆكی سه‌ندیكاى پارێزه‌ران، له‌ دژی ده‌ستدرێژیكردنه‌ سه‌ر پارێزه‌ره‌كه‌ى هه‌ولێر ناڕه‌زاییان ده‌ربڕى و پارێزه‌رێكیش داواكاره‌ سزاى توندى ئه‌و كه‌سانه‌ بدرێت ئه‌و كاره‌یان ئه‌نجامداوه‌.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌، 16.4.2023 لقی دهۆكی سه‌ندیكاى پارێزه‌ران له‌Cبه‌رده‌م دادگاى گشتى دهۆك گردبوونه‌وه‌یه‌كى ناڕه‌زاییان له‌به‌رامبه‌ر لێدان له‌ پارێزه‌ره‌كه‌ى هه‌ولێر ئه‌نجام دا.

به‌هائه‌دین ده‌شتانى پارێزه‌ر له‌ دادگاى دهۆك، به‌ 964ـى وت “هاتووین ئیدانه‌ى ئه‌و كاره‌ بكه‌ین كه‌ له‌ هه‌ولێر به‌رامبه‌ر هاوپیشه‌یه‌كمان ئه‌نجامدراوه‌”.

وتیشی “كارێكی زۆر نامرۆڤانه‌یه‌، كه‌ هێرش كراوه‌ته‌ سه‌ر ئه‌و پارێزه‌ره‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ین كه‌ سزاى توندى بكه‌رانى ئه‌و كاره‌ بدرێت، هه‌روه‌ك له‌ ماده‌ى 22 ـى یاسای پارێزه‌راندا هاتووه‌”.

روونیكرده‌وه‌، هه‌ركه‌سێك ده‌ستدرێژی بكاته‌ سه‌ر پارێزه‌ر وه‌ك ئه‌وه‌یه‌ ده‌ستدرێژی كردبێته‌ سه‌ر دادوه‌ر و ئه‌مه‌شیان سزاى حه‌وت ساڵ زیندانى بۆ دیاریی كراوه‌.

پارێزەر، محەمەد یابە سۆفی، رۆژی هەینی 14.4.2023 له‌لایه‌ن چه‌ند كه‌سێكه‌وه‌ لێیدراو دوێنێش پۆلیسى هه‌ولێر رایگه‌یاند كه‌ چه‌ند كه‌سێك له‌ بكه‌رانى ئه‌و كاره‌ ده‌ستگیر كراون، هاوكات داواكارى گشتى هه‌رێمیش داواى كردووه‌ كه‌ به‌زووترین كات بكه‌رانى ده‌ستگیر بكرێن.

پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن