هاوپەیمانان: هەسەدە بەرپرسی دابینکردنی چەک و دارایی داعشی دەستگیر کرد

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

هێزەکانی سوریای دیموکرات لە دێرەزوور سەرکردەیەکی داعشیان دەستگیر کرد، کە بەرپرس بوو لە تۆڕی دابینکردنی چەک و دارایی ئەو رێکخراوە.

ئێوارەی رۆژی شەممە، 15.4.2023، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە تویتەر راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و وتی، ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردنی سەرکردەیەکی داعش بەناوی “مەحمود سەید”، لەلایەن هەسەدە بە سەرکەوتوویی ئەنجامدرا.

“هەسەدە بە راوێژ و هاوکاری و پاڵپشتی هێزەکانی هاوپەیمانان، پلانێکی سەرکەوتوویان بۆ دەستگیرکردنی سەید داناوە، کە سەرکردایەتیی ژمارەیەک شانەی داعشی دەکرد،” هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی وا دەڵێت.

لە راگەیەندراوەکەدا، جۆنانسن فێرەر، وتەبێژی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و سوریا دەڵێت، “سەرکەوتنی ئەم ئۆپەراسیۆنە لە باکووری رۆژهەڵاتی سوریا بەربەست بۆ تۆڕی چەک و دارایی داعش دروست دەکات، هەسەدە بە هاوبەشێکی گرنگمان لە تێکشکاندنی داعش دەمێنێتەوە”.

هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەڵێت، هێزەکانیان بەردەوام دەبن لە راوێژ و هاوکاریکردنی هاوبەشەکانیان “بۆ فەراهەمکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە سەرتاسەری ناوچەکە.”