جلوبەرگی کوردیی پیاوان
ساڵانە ٧٠ هەزار قاتی کوردی لە چینەوە هاوردە دەکرێت
+964
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
ساڵانە لە وڵاتی چینەوە ٧٠ هەزار قاتی کوردی بۆ هەرێمی کوردستان دەدوورێت و بازرگانانی هاوردەکەر دەڵێن، زۆرترین کڕیاریان مێرمنداڵان و گەشتیاری عەرەبن.
هەرزانیی نرخ هۆکاری سەرەکییە کە بازرگانان باسی دەکەن لە بەرامبەر هێنانی جلی کوردی پیاوان لە وڵاتی چینەوە، چونکە کەمتر لە نیوەی ئەوەی تێدەچێت کە لە کوردستان دەدوورێت.
عەتا حاجی رەجەب، بازرگانی دیاری شاری سلێمانی لە بواری قوماش و هاوردەکردنی جلوبەرگی کوردی بە 964+ی وت، “ساڵانە لە هەموو هەرێمی کوردستان لە رێگەی نزیکەی ٢٥ بازرگانەوە ٧٠ هەزار قاتی جلوبەرگی کوردی پیاوان لە چینەوە هاوردە دەکەین.”
ئەو بازرگانە دەڵێت، کڕیارانی قاتی کوردی چینی لە کوردستان زیاتر منداڵ و مێرمنداڵن تاوەکو تەمەن ١٥ ساڵ، لەگەڵ گەشتیارانی عەرەب.
قاتێکی کوردی لە ناوخۆ بە قوماش و دوورینییەوە لەنێوان ٦٠ بۆ ١٥٠ هەزار دیناری تێدەچێت، بەڵام قاتی کوردی چینی لەنێوان ١٥ بۆ ٣٥ هەزار دینارە.
عەتا حاجی رەجەب ئامادە نەبوو نرخی تێچووی ئەو قاتانە لە وڵاتی چین ئاشکرا بکات، بەڵام وتی، “زۆر کەمتر لە نرخی کوردستانی تێدەچێت”.