شارەوانی سلێمانی ئامێرەکانی بۆکس وەشاندن لادەدات

964+

دیلان محەمەد جەزا-سلێمانی

شارەوانی سلێمانی، خاوەنی ئامێری بۆکسێنەکانی شەقامی سەھۆڵەکەی ئاگادار کردوەتەوە، ئەگەر ئەو ئامێرانە لانەبەن دەستیان بەسەر دادەگیرێت.

964 زانیویەتی، بڕیارەکە لەلایەن ئەنجومەنی شارەوانی دەرچووە، ئەوان دەڵێن ئەو ئامێرانە فێڵی تیاکراوە، جگە لەوە قەرەباڵغی دروستکردووە.

ئەمە جگە لەوەی ژووری بازرگانی سلێمانی داوای لە شارەوانی سلێمانی کردووە، ئەو ئامێرانە لەبەردەم ژووری بازرگانی دانراون لایانببەن.

عوسمان عارف، لێپرسراوی بەشی زیادەڕۆیی لە شارەوانی سلێمانی، بە 964ی راگەیاند، سەرجەم خاوەنی ئەو ئامێرانە ئاگادار کراونەتەوە بە زووترین کات لایانببەن.

ئەو لێپرسراوەی شارەوانی ئەوەش دەڵێت: بڕیارە لە داھاتوویەکی نزیکدا ھەڵمەتێک بۆ دەست بەسەرداگرتنیان دەربچێت.

شوان ئامانج، خاوەنی یەکێک لەو ئامێرانەی بۆکس وەشاندنە، بۆ 964 قسەیکرد، وتی “ئێمە لە شەقامی سەھۆڵەکە تەنیا لە شەواندا ئەو ئامێرە دادەنێن، بۆ دەست خستنی بژێوی ژیانمانە، جگە لەوە بۆ کات بەسەربردنی گەنجانە”.

ئەو باسی لەوەش کرد، پەیوەندی بە توانای ئەو کەسەیە کە بۆکسی لێدەدات و ھیچ پەیوەندیەکی نییە بە بابەتی فێڵکردن.

بەپێی زانیاری 964 ساڵی پاریش دووجار بڕیاری لابردنی ئەو ئامێرانە دەرچوو، بەڵام جێبەجێ نەکرا.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی