پۆلیسی پێنجوێن: درۆن بۆردومانی سێ گوندی کردووین

964+
ئەحمەد مستەفا و محەمەد عومەر

کاروان عەبدوڵا بەڕێوەبەری پۆلیسی پێنجوێن بە 964ی وت، ئەم ئێوارەیە “دوو تا سێ درۆن” بۆردوومانی هەریەک لە سنوری گوندەکانی کانی میران و ساڵیاوا و وریاوای لە دەڤەرەکەیان کردووە.

ئەو وتی، هێشتا زیانەکان دیار نین و تیمەکانیان نەچوونەتە ئەو ناوچانەی بۆردوومان کراون چونکە تاوەکو ئێستا درۆنەکان هەر دەنگیان دێت و دەسوڕێنەوە.

قەزای پێنجوێن 88 کیلۆمەتر لە ناوەندی شاری سلێمانی دوورە بە دیوی رۆژهەڵات و هاوسنوورە لەگەڵ رۆژهەڵاتی کوردستان.

بە وتەی شایەتحاڵێک لە گوندی کانی میران بۆ 964، سەرەتا درۆن بۆردوومانی ئۆتۆمبێلێکی جۆری تۆیۆتا (میکزەمینی) لە سنوری ئەو گوندە کردووە، بەڵام نەیپێکاوە، دواتر کەوتووەتە شوێنی و لەودیو گوندەکەوە دیسان بۆردوومانی کردووەتەوە و پێکاویەتی.

بەگوێرەی زانیارییەکان، تاوەکو ئێستا هیچ نەخۆشخانەیەکی سنوری قەزای پێنجوێن بریندار و کوژراوی بۆردوومانەکەی بۆ نەبراوە.

لە لایەکی دیکە، جوامێر کەریم دانیشتووی گوندی کانی ماران بۆ 964ی باسکرد، کە خۆی چاوی لێبووە میکزەمینیەکە سێ سەرنشینی تێدا بووە “ئەندامی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بوون، بینیم دووانیان کەوتبوون و پێکرابوون، سێیەمیان رایدەکرد و دیاربوو کە برینداربوو”.

964 نەیتوانی سەربەخۆیانە ناسنامەی درۆنەکان یەکلابکاتەوە بەوەی ئایا سەر بە کام وڵات بوون.

چەند ساڵێکە سوپای تورکیا و هەندێکجاریش ئێران لە رێگەی درۆنەوە هێرش دەکەنە سەر نەیارە سیاسییەکانیان لەناو خاکی هەرێمی کوردستاندا.

پێداچوونەوە: هێمن بەکر