سەندیکای ئەندازیاران: بۆ شۆڤاژ ئێمەش هاوکار دەبین
964+
هاوبەش ئەبوبەکر – سلێمانی
نەقیبی سەندیکای ئەندازیاران داوا دەکات پێداچوونەوە بەشیوازی دانانی سیستەمی غازی ماڵان بکرێت و ئەوانەش ئامادەی هاوکارین.
عەبدولرەحمان عەلی کوردە نەقیبی سەندیکای ئەندازیارانی کوردستان لەفەیسبووکی سەندیکا نوسیوێتی ‘هیوادارین ئەم جۆرە روداوانە دووبارە نەبنەوە …داواکارین لە لایەنی پەیوەندیدار پێداچوونەوە لە سەر شێوازی رێگەپێدان و دانانی ئەم سیستەمانە رێکبخرێتەوە و کار بە ئاکارەکانی ئەندازیاری و سەلامەتی بکرێت کە ببێتە رێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی ئەم کارەساتانە ئێمەش لە سەندیکا ھاوکار و ھەماھەنگ دەبین’.
ئێوارەی پێنج شەممە بەهۆی لێچوون لە سیستمی غازی شۆڤاژ لە ماڵێکی گەڕەکی کازیوەی شاری سلێمانی تەقینەوە روویدا و بەو هۆیەوە ١٥ کەس گیانیان لەدەستدا و ١٢ کەسی دیکەش بریندار بوون.
ئاوات محەممەد، قایمقامی سلێمانی بە 964+ی راگەیاند، رۆژی یەکشەممە بە نوسراوی فەرمی داوا لە حکومەت دەکەن کە رێوشوێنی نوێ و پێویست بۆ بەستنی سیستمی غاز و شۆڤاژ دەربکرێت بە مەبەستی پاراستی گیانی هاوڵاتییان.
وتیشی، “لە ئێستادا دوو لیژنەمان هەیە بەدواداچوون بۆ سەلامەتی سیستمی غاز دەکەن لە باڵەخانە و شوێنە گشتییەکان و سیتییەکان، بەڵام ئاسان نییە پشکنین بۆ ماڵان بکەن.”