لەسەر بزنێک پۆلیسێکی نیوە گیان کردووە

+964

دیلان محەمەد – سلێمانی

لە شاخی زمناکۆی دەربەندیخان، راوچییەک تەقەی لە پۆلیسێکی دارستان کردووە و نیوە گیانی کردووە، لەسەر ئەوەی هەوڵیداوە تەقە لە بزنە کێویەک نەکرێت، ئەمە بە وتەی پۆلیسی دارستان.

رووداوەکە لە کاتژمێر ٥:٣٠ ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، ١٧ی تشرینی دووەم روویداوە.

راوچییەکە هاوەڵێکیشی لەگەڵ بووە و تاوەکو ئێستا نەناسراونەتەوە، تەقەیان کردووە لە بزنە کێویەک و کوشتویانە، دوای ئەوەی تەقەش لە پۆلیسەکە دەکەن، فریانەکەوتوون ئاژەڵەکە ببەن و بەپەلە هەڵاتوون، ئێستا پۆلیس بەدوایاندا دەگەڕێت.

لەوبارەیەوە، موقەدەم سەردار ئەحمەد، بەرپرسی پۆلیسی دارستانی دەربەندیخان بە 964+ی وت، ئەفسەرە پێکراوەکەیان ناوی دڵشاد ئەحمەدە و ئێستا لە نەخۆشخانەیەکی سلێمانی بێهۆشە.

باسی لەوە کرد، دڵشاد بە سەختی بریندارکراوە و تەقە لە سمتی کراوە بە چەکی قورس.

پۆلیس و ئاسایش خەریکی لێکۆڵینەوەن و بە شوێن تەقەکەرەکانەوەن، بەڵام هێشتا دەستگیرنەکراون.

بە قسەی موقەدەم سەردار، لە ماوەی یەک ساڵی رابردوو، ئەوە سێیەم جارە تەقە لە پۆلیسی دارستان کرابێت.