لە سلێمانی مریشکی “رەسەن” بەرهەم دەهێندرێت

964+
پێشەوا محەمەد – سلێمانی

لە شاری سلێمانی پێنج جۆر مریشک و کەڵەشێر لە ژێر توێژینەوەدان بۆ بەرهەمهێنانی مریشکی کوردیی رەسەن، کارەکە بەڕێوەبەرایەتیی توێژینەوەی کشتوکاڵی سلێمانی ئەنجامی دەدات.

توێژینەوەکە لە سەرەتادایە و پێنج جۆر مریشک و کەڵەشێر ئامادەکراون و مەبەست لێی بەرهەمهێنانی مریشکێکە، کە هەم بەرگەی کەشوهەوای کوردستان بگرێت هەم تەواو کوردی و هێلکەکەریش بێت.

جۆری ئەو کەڵەشێر و مریشکانەش بریتین لە، سوڵتانی سپی، سوڵتانی رەش، شامی، براهما و سوور.

جەزا عەلی محەمەد، لێپرسراوی هۆبەی سامانی ئاژەڵ لە بەڕێوەبەرایەتیی توێژینەوەی کشتوکاڵی سلێمانی، بە تۆڕی 964ی وت، “مریشکی کوردیی رەسەن نەماوە و ئەوەی هەیە هیچی ناچێتەوە سەر مریشکە رەسەنەکە، ئەم هەوڵە بۆ بەرهەمهێنانی مریشکی رەسەنی کوردییە”.
دەشڵێت، توێژینەوەکە لە سەرەتادایە و کاتی دەوێت تا دڵنیا دەبینەوە ئەو مریشکەی دەمانەوێت بەرهەمهاتووە یان نا.