ئەو کچەی لەناو ٧٠ هەزار کەسدا بە تەنیا ترشیات دەفرۆشێت

+964

مەجید بتوێنی-راپەرین

رێزان محەمەد، دانیشتوی شارۆچکەی چوارقوڕنەیە و ماوەی چوار ساڵە ترشیات دروست دەکات و لە دوکانەکەیدا دەیفرۆشێت.

بە سۆراغی 964+، رێزان تاکە کچێکە لەناو چوارقوڕنە خەریکی ترشیات فرۆشتنە، کە ژمارەی دانیشتوانی ئەو شارۆچکەیە بەپێی ئامارەکان نزیکەی ٧٠ هەزار کەسە.

لە دیمەنەکاندا دەردەکەوێت، ئەو خەریکی رێکخستنی قاپە ترشیاتەکانیەتی.

رێزان بۆ 964+ باسی لەوە کرد، چوار ساڵ پێش ئێستا هەر لە دوکانێکی ترشیاتدا شاگرد بووە، بەڵام ئێستا خۆی وەستایە و جۆرەکانی ترشیات دروست دەکات و دوکانی خۆشیەتی.

هۆکاری سەرکەوتنەکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە کۆڵی نەداوە و بەردەوام بووە، هەروەها گوێی بە قسەی خەڵک و تانە و تەشەر نەداوە و بەربەستەکانی تێکشکاندووە.

ئەو پێی وابوو، “دەبێت کچان و ژنان پشت بە خۆیان ببەستن”، نمونەی مێژووی هێنایەوە و وتی “لە کۆندا ژنی کورد ئازا بووە لە کاری کشتوکاڵی و ئاژەڵداری شان بەشانی پیاو کاری کردووە ئێستا جۆری کارەکە لە شاردا گۆڕاوە، ژن فەرمانبەرە، ژن لە دوکان و مارکێتەکان کاردەکات و پێویستە زیاتریش کار بکەن”.

رێزان باسی چۆنێتی دروستکردنی بەرهەمەکانی بۆ 964+ کرد، وتی کە هەفتەی جارێک دەچێت هەموو پێداویستییەکانی دروستکردنی ترشیات دەکڕێت و هەر لەناو دوکانەکەدا دروستیان دەکات و دەیان فرۆشێت.

لە خۆشترین ترشیاتەکانی دەستی ئەو کە زۆرترین فرۆشیان هەیە ترشیاتی ئاوی هەنار، ترشیاتی سرکە، ترشیاتی سور و زەرد لەپاڵ ئەمانەشدا زەیتونی خۆشکراو و ترۆزی سوێرکراو وخەیارشور و سیری حەجەمی حەوت ساڵە و بیبەر و زەیتونی بە سرکە، سیری خۆشکراو بە زەیتی زەیتون و جاترە دەفرۆشێت .

رێزان رۆژانە کاتژمێر ١:٣٠ دوای نیوەڕۆ دەچێتە سەر کارەکەی و تاوەکو ئێوارەی درەنگ لە دوکانەکەیدا ترشیات دروست دەکات و دەیفرۆشێت