گەنجینەی ئەمریکا بەڵێنی کارئاسانی زیاتر بە عێراق دەدات

964+

فەهمی نەبی

پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق جارێکی دیکە لەگەڵ یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا کۆبووەتەوە، بە وتەی ماڵپەڕی بانکی ناوەندی، ئەو بەرپرسەی ئەمریکا لە پێناو سەقامگیری دراو، بەڵێنی هاوکاری و کارئاسانی زیاتری بە عێراق داوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، عەلی موحسین عەلاق، لە واشنتۆن لەگەڵ براین نیلسۆن یاریدەدەری وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا کۆبووەوە.

بە پێی ئەو راگەیەنراوە بێت، کە بانکی ناوەندی عێراق بڵاویکردوەتەوە، بریکاری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا بەڵێنیداوە کارئاسانی زیاتر لە گواستنەوەی دارایی بۆ عێراق بکرێت، هاوکات نەرمی نواندوە و ئامادەیی زیاتری پێشانداوە، لە پێناو سەقامگیری نرخی دراو.

لە هەواڵەکەی بانکی ناوەندی ئەوەش هاتووە “هەردوولا رێککەوتوون کارئاسانی زیاتر بۆ ئەو تیمە تەکنیکیانە بکەن، کە لەنێوان هەردوولا دروستکراوە، لە ماوەیەکی کورتدا”.

ماوەی پێنج مانگە بە هۆی رێکارەکانی بانکی ناوەندی فیدڕالی ئەمریکا، نرخی دۆلار لە عێراق ناسەقامگیرە، یەکەم دانیشتنی بانکی ناوەندی عێراق لەگەڵ بریکاری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا 3.2.2023 بوو، دوای زیاتر لە دوو مانگ ئەمڕۆ ئەوە دووەمجارە ئەو دوو بەرپرسە کۆدەبنەوە.