مەترسیی تۆپباران زڕگوێز لە چۆڵبوون نزیک دەکاتەوە

964+

ئەحمەد مستەفا – سلێمانی

ڤیدیۆ

بەهۆی مەترسیی چەندبارەبوونەوەی تۆپبارانەکانی ئێران بۆ سەریان، بەشێک لە دانیشتوانی زڕگوێز گوندەکەیان چۆڵ دەکەن.

لە ماوەی دوو مانگی رابروودا، سێ جار بنکە و بارەگای حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە سنووری کۆیە و زڕگوێز لە لایەن ئێرانەوە بۆردوومان کراون، ئەوەش مەترسی و دڵەڕاوکێی لای دانیشتوانی ئەو ناوچانە دروست کردووە.

رێکەوت عوسمان، خاوەنی نووسینگەی کڕین و فرۆشتنی خانوبەرەیە بە میدیازانی راگەیاند، دوو مانگە  لە زڕگوێز، خەڵک خانووەکانیان دەفرۆشن و کەسیش لێیان ناکڕێت، ئەمەش وایکردووە هەر خانووێک نزیکەی چوار هەزار دۆلار نرخەکەی دابەزێت.

زڕگوێز، گوندێکە دەکەوێتە باشووری رۆژئاوای سلێمانی و، لەرووی ئیدارییەوە سەر بەناحیەی عەربەتەو ژمارەی دانیشتوانی نزیەکەی ٥٠٠ ماڵ دەبێت.

تۆپبارانەکەی ئێران، تەنیا کاریگەری لەسەر زڕگوێز دانەناوە، بەڵکو گوندەکانی زڕگوێزەڵە کە ٧٠ ماڵە، کانی شاسوار ١٠٠ ماڵ، کاریگەر بوونە بەو دۆخە، بەهۆی ئەوەی بارەگاکانی حزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لێیانەوە نزیکن.

دابان محەمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی عەربەت بۆ میدیازان پشتڕاستی کردەوە کە خەڵک ناوچەکەیان جێدەهێڵن، وتی “هێرشەکان ترس و دڵەڕاوکێی دروست کردووە”.

“زۆرینەی ئەوانەی خانووەکانیان لە زڕگوێز دەفرۆشن، گەنجانن، ئێستا ٣٠ ماڵ خانوویان بۆ فرۆشتن داناوە، بەڵام چاوەڕێی فرۆشتنی خانووەکەی نەکردووەو چۆڵی کردووەو جێهێشتووە”، رێکەوت عوسمان وای وت.