قسە لەسەر هەرزانکردنی بەنزین کراوە

کەس بەنزینی 800 دینارییەکەی حکومەتی ناوێت

964+

فەرمان سادق

دابەزینی نرخی دۆلار لەگەڵ خۆیدا نرخی بەنزینیشی هەرزانکرد و ئێستا نۆرمالەکەی لەخوار 800 دینارە، ئەمەش وایکردووە کەس بەنزینە 800 دینارەکەی حکومەت نەکڕێت و داوای هەرزانکردنیشی کراوە.

لە ماوەی 10 رۆژدا زیاتر لە 10 هەزار دینار بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار دابەزیوە، هاوکات بەردەوامی دابەشکردنی بەنزینی 690 دینارییەکەی حکومەتی عێراق، نرخی بەنزینی نۆرمالی لە بازاڕی سووتەمەنی هەرزان کردووە.

بەپێی بەدواداچوونی 964، باشترین جۆری بەنزینی نۆرمال لە بازاڕەکە بە کۆ لیتری بە 750 دینارە و خاوەن بەنزینخانەکان دەتوانن بە 770 دینار بیفرۆشن، بەمەش بۆ هەر لیترێک 30 دینار لە بەنزینی 800 دیناری حکومەتی هەرێمی کوردستان هەرزانترە کە لە رێگەی هەندێک بەنزینخانە وەک نرخی پشتگیری دەدرێتە شوفێران.

ئەو دابەزینەی نرخی بەنزین بە قسەی ئەندازیار سالار محەمە، سەرپەرشتیاری دابەشکردنی بەنزینی حکومی لە پارێزگای هەولێر بێت کە قسەی بۆ 964 کردووە، وایکردووە خواست لەسەر بەنزینەکەی حکومەتی هەرێم نەمێنێت و ئەوەی دابەشی سەر بەنزینخانەکانی دەکەن هەمووی نەفرۆشێت و بمێنێتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە پێشتر ترێلەیەکی 36 لیتری بەشی چەند سەعاتێکی دەکرد.

جەنگی مەجید، وتەبێژی ئەنجومەنی بەنزینخانە ئەهلیەکانی هەولیر بە 964ـی وت، هاوشانی دابەزینی دۆلار کە هۆکارێکە بۆ هەرزان بوونی بەنزین، ئەوا خواستی کەم لەسەر بەنزین بەهۆی مانگی رەمەزان هۆکارێکی دیکەیە بۆ دابەزینی نرخی بەنزین.

زیاتر وتی “لە بازاڕی جوملە لیتری بەنزینی نۆرمالی زۆر باش بە 750 دینارە و بەنزینخانەکان دەتوانن بە 770 دینار بیفرۆشنەوە، ئەگەریش هەندێک مادەی دیکەی تێکەڵ بکرێت و کوالێتی دابەزێندرێت ئەوا دەتوانن بە 695 یان 700 دیناریش بیفرۆشن کە لە هەندێک بەنزینخانەی هەولێر بەو نرخە دەستدەکەوێت”.

رێکەوتنی هەولێر و بەغدا، دەنگۆی ئەوەی لەگەڵ خۆیدا هێناوەتە ئاراوە کە نرخی بەنزین هاوشێوەی شارەکانی دیکەی عێراق دەبێتە 450 دینار بۆ لیترێک، بەڵام سەرپەشتیاری دابەشکردنی بەنزینی پارێزگای هەولێر ئەو دەنگۆیە رەت دەکاتەوە.

دەشڵێت: پێشنیازمان بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کردووە کە نرخی بەنزینە 800 دینارییەکە هاوشێوەی ئەوەی عێراق بکرێتە 690 دینار.

زیاتر وتی “هێشتا وەڵامی پێشنیازەکە نەدراوەتەوە”.

ئەو پێشنیازە لە کاتێکدایە لە هەولێر رۆژانە هەشت تانکەری 36 هەزار لیتری بەنزینی عێراقی دابەشدەکرێت، جگە لە بەنزینی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لیتری بە 800 دینار دەفرۆشێتە شوفێران.