هۆکاری دابەش نەکردنی ٢٥ هەزار تۆن خۆراکی بەشە بایەعی لە دهۆک ئاشکرا بوو

قایمقامیەت؛ دەبێ لە مانگێکدا دابەشی بکەن

میدیازان – عەمار عەزیز – دهۆک

قایمقامیەتی دهۆک، بەدواداچوون لەسەر هۆکاری دابەش نەکردنی ٢٥ هەزار تۆن بەشە خۆراکی بایەعی هاوڵاتیان دەکات و دەردەکەوێت هۆکارەکە لە بوونی یەک بریکاری دابەشکردنە، مۆڵەتی مانگێکیش دەداتە بەڕێوەبەرایەتی کۆگاکان بۆ دابەشکردنی.

لەسەر ناڕەزایەتی هاوڵاتیان، قایمقامیەتی دهۆک بەدواداچوونی کرد لەسەر هۆکاری دواکەوتنی دابەشکردنی بەشە خۆراکی بایەعی هاوڵاتیان.

بەپێی ئەنجامی راپۆرتی لیژنەکە بێت کە میدیازان دەستی کەوتووە، ٢٢ هەزارو ٤٢٩ تۆن و ٩٦ کێلو خۆراک لەکۆگایەکاندان و دابەش نەکراون، هاوکات سێ هەزار و ٨١٣ تۆن بەشە خۆراکی ئاوارەکانیش لە کۆگایەکانن و دابەش نەکراون.

ئیدریس هەرکی، ئەندامی ئەنجۆمەنی پارێزگای دهۆک بە میدیا زانی وت” پێش چەند رۆژێک ئەنجومەنی پارێزگای دهۆک لیژنەیەکی تایبەت بە کێشەی بەشە خۆراکی بەیاعی هاوڵاتیانی پێکهێنا، دوای بەدواداچوون دەرکەوت زیاتر لە ٢٥ هەزار تۆن خۆراک لە کۆگاکانن و دابەش نەکراون، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لەهەموو پارێزگای دهۆک تەنیا یەک کەس بەڵێندەرایەتی وەرگرتووە بۆ دابەشکردنی ئەو خۆراکە، پرسیارمان کردووە لە هەولێر زیاتر لە پێنج بەڵێندەر هەیە بۆ دابەشکردنی، بۆیە ئەنجومەن بڕیاریدا کە دەبێت ژمارەی بەڵێندەر زیاد بکرێن و، ئەو خۆراکەی لە کۆگاکانیش ماونەتەوە لە ماوەیت مانگێکدا دابەش بکرێت”.

میدیازان دەزانێت،  سێ هەزارو ٥١١ تۆن و ٩٦٤ کیلۆ شەکر، ٨١٨ تۆن و ٨٩ کیلۆ رۆنی زەیت، دوو هەزارو ٤٤٣ تۆن و ٦٦٦ کیلۆ لەتکە نۆک، هەزارو ٩٤٣ تۆن و ٣٠٦ کیلۆ دۆشاوی تەماتە، حەوت هەزارو ٩٤٨ کیلۆو ٧٥٦ کیلۆ برنج، ٨٧ تۆن و ٥٤٢ کیلۆ فاسۆلیا و، هەزارو ٦٧٦ تۆن و ٦٣٧ کیلۆ نیسک لە کۆگایەکانی بەڕێوەبەرایەتی بازرگانی سەر بە وەزاەرتی بازرگانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ماون، هێشتا دەبەش نەکراون.

 ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆک، ئەوەشی خستەڕوو کە داواکراوە ژمارەی بەڵێندەر لە دهۆک لە یەک کەسەوە زیاد بکرێت بۆ چوار کەس، هاوکات ژمارەی بارهەڵگرەکانیش زیاد بکرێن کە خۆراکی بایەعی بۆ قەزاو ناحیەکان دەگوازنەوە.