"شوێنەكە بۆ كاتبەسەربردنە"

لە کۆیە شوێنێکی تایبەت بۆ خانەنشینان دروستدەکرێت

شلێر سەعید – کۆیە

خانەنشینانی کۆیە تا ئێستا بێ جێگا و شوێنی تایبەت بە خۆیان بوون هەرچەندە روویان لە چایخانەکان دەکرد، بەڵام بەشوێنی گونجاوی نازانن بۆ تەمەنی ئەوان، سەرۆکی شارەوانیش دەڵێت ،ژنان و پیاوە خانەنشینەکانی کۆیە لە شوێنێکی تایبەت کۆدەکرێنەوە، هەریەکە و شوێنی جیادەبێت.

محەمەد میرحاج سەرۆکی شارەوانی کۆیە بە 964ی وت، لە کۆیە لە زۆر سێکتەرەوە کێشەمان هەیە، یەکێک لەو بابەتانە شوێنی خانەنشینانە، چونکە دوای خزمەتێکی  زۆر دەڵێن بڕۆنەوە خانەشین بوون ئەوەش بۆ ئەوان زەحمەتە و زۆر جار تووشی خەمۆکی دەبن، بۆیە بە پێویستمان زانی جێگایەکیان هەبێت تایبەت بە خۆیان.
سەرۆکی شارەوانی وتیشی، شوێنەکە چەند خزمەت گوزاریەکی تێدایە وەک کتێبخانە و دەرمانخانە و نۆرینگە و شوێنی سەرتاشین و وەرزشی  .
ئەوەشی خستەروو کە خانەنشینان کارتیان بۆدەکرێت بۆ چونە ژوورەوە تا کەسی دیکە نەچێت جگە لەخۆیان.

جەمال نەجم پانزە ساڵە خانەنشین بووە لە ناو پارکی خوشکە فریشتە دانیشتبوو تەزبیحاتی دەکرد بۆ 964 وتی، “زۆر دەستخۆشی لە شارەوانی دەکەم کە شوێنێکیان بۆ تەرخانکردوین لە گەرمای هاوین و ساردی زستان دەمان پارێزێت”.

شوێنی خانەنشینان لە ناو پارکی خوشکە فریشتە دروستکراوە، دەکەوێتە ناو بازاڕی شاری کۆیە، چوار مانگە دەست بە دروستکردنی کراوە بڕیارە بەم زوانە تەواو بکرێت، دوای ئەویش شوێنی بەساڵاچوان و بێسەرپەرشتانیش دروستدەکرێت لەسەر ئەرکی خێرخوازێک.

پێداچونەوە: توانا نەقی