دیمهنێكی ناوهندی ئیدارهى سۆران..... فۆتۆ: 964+
پێشەنگی کوردستانن لە بەستانی پێوەر
%90.46ـی هاوبەشانی سۆران پێوەری ئاویان بەستووە
964+
فەرمان سادق
دوا وادەکە تەنیا 12 رۆژی ماوە و لە سۆران زۆرترین خەڵک پێوەری ئاویان بەستووە و بەڕێوەبەری ئاوی شارەکەش دەڵێت: ئەوەی پێوەری نەبەستاوە لە کەمتەرخەمییە.
تەحسین سەعدوڵا، بەڕێوەبەری ئاوی سۆران بە 964ـی وت، لە کۆی 31 هەزار و 196 هاوبەشی ئاو لە سەنتەری سۆران و ناحیەکانی خەلیفان، سیدەکان و دیانا، 28 هەزار و 222 هاوبەش پیوەری ئاویان بەستووە کە ئەو ژمارەیە دەکاتە %90.46.
ئەو ژمارەیە لە کاتێکدایە وەزارەتی شارەوانی دووپات لەوە دەکاتەوە کە دوای 21.4.2023، ئامادە نین ماوەکە بۆ بەستانی پێوەری ئاو درێژ بکەنەوە.
دانانی پێوەری ئاو لە 1.9.2018 لەلایەن وەزارەتی شارەوانی راگەیەندرا، لە پێنج ساڵی رابردوودا چەندجارێک وەزارەتی شارەوانی دەرفەتی بە هاوبەشان داوە کە پێوەری ئاو ببەستن، بۆ ئەمەش هاندانی کردووە بۆ دانیشتووانی ناو شارەکان لە 80 هەزار دینارەوە کراوە بە 20 هەزار و دەرەوەی شارەکانیش کراوە بە 10 هەزار دینار.
تەحسین سەعدوڵا، ئاماژەی بە دوا کۆبوونەوەی بەڕێوەبەری ئاوی شارەکان دا، دەڵێت: لە سۆران زۆرترین هاوبەش پێوەریان بەستووە لەسەر ئاستی کوردستان.
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سۆران بێت، تەنیا 2974 هاوبەشی ئاو پێوەریان نەبەستووە.
تەحسین سەعدوڵا دەشڵێت: ئەوەی تا ئێستا پێوەری ئاوی نەبەستووە لە کەمتەرخەمی خۆی بووە، ئەگەرنا هەموو بڕیارەکانی وەزارەتی شارەوانی لە بەرژەوەندی خەڵک بووە و زیاد لە چوارجار ئەو دەرفەتە اموەکەی درێژ کراوەتەوە بۆ ئەوەی هاوبەشان لێیەوە سوودمەن بن.