“له سلێمانی بۆ تورکیا” پاس دهبێته بهدیلى فڕۆكه؟
964+
ئەحمەد مستەفا _ سلێمانی
لە بەدیلی رێگەی ئاسمانی لە سلێمانی تەنیا رێگا مابێتەوە بتگەیەنێت بە تورکیا، رێگای وشکانییە بە پاس، بەڵام بە وتەی خاوەن نوسینگەیەک، ئەوانیش تەنیا %5 بازاڕیان فەرقی کردووە.
رۆژی 3.4.2023 کۆمپانیای تورکیش ئێرلاین گەشتەکانی بۆ فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی ھەڵوەشاندەوە و دواتر وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە بۆ ماوەی سێ مانگ راگرتنی گەشتەکانی بۆ ھەمان فرۆکەخانە راگەیاند.
بلیتی فرۆکە لە سلێمانییەوە بۆ تورکیا لەسەروو 400 دۆلارەوەیە، کە بۆ گەشتن بە ئینستەنبوڵ 2:30 دهقیقه کاتی دەوێت، بەڵام پاس بۆ یەک کەس بە 60 دۆلارە و 36 سەعات ماوەی گەيشتنیەتی.
ئەمرۆ یەکشەممە 8.4.2023 رێژین جەبار، بلیتفرۆش لە نوسینگەی گەشتیاری جان دیاربەکر لە سلێمانی بە 964ـى وت “ئەوانەی پێشتر ھەر بە فرۆکە ھاتوچۆیان لە نێوان سلێمانی و تورکیا کردبێت، ئێستا ناتوانن، یان تاقەتیان نییە بە پاس برۆن، بۆیە فرۆکەخانەی ھەولێر یان کەرکوک بەکاردەھێنن”.
وتیشی “ناتوانم بڵێم بازاڕ فەرقی نەکردووە، بەڵێ کردویەتی بە رێژەیەکی کەم کە ئەویش لە %2 بۆ %5، ئەگەر پێشتر 20 گەشتیارمان ھەبوو بێت، رۆژانە ئێستا بووە بە 25 گەشتیار، ئەوەی ئێستاش زیاتر دێن بۆ بلیتی پاس، خەڵکانێک کە کرێکارن، خوێندکارن یان ھاوڵاتی ئاسایین”.
بەوتەی ئەو بلیتفرۆشە، یەکێکی تر لە ھۆکارەکانی کەمی گەشتیار، پەیوەستە بە مانگی رەمەزانەوە کە ساڵانە چوونی گەشتیار لەو مانگەدا کەمدەکات، وتیشی “رۆژانە یەک گەشتمان ھەیە، زەحمەتە وا ئاسان، بەھۆی بریارەکەوە، پاس ببێت بە بەدیلی فرۆکە”.
پێداچوونهوه: فهرهاد حهسهن