ماست و پەنیر و خامە و قەیماغی کەرکوک دەگەڕێتەوە
ئەلبانەکەی کەرکوک ١٠٠ هەلی کاری رەخساندەوە
+964
کاروان ساڵح- کەرکوک
دوای ١٩ ساڵ لە پەکخستن و دواتریش لەناوچوونی، کارگەی ئەلبانی کەرکوک نۆژەن دەکرێتەوەو، رۆژانە سێ تۆن شیر دەکاتە ماست و پەنیر و خامە و قەیماغ، دەرفەتی کار بۆ ١٠٠ کەسیش دەرەخسێنێت.
مەڕوان عانی، بەرپرسی راگەیاندنی پەیوەندییە حکومییەکان لەناو پارێزگای کەرکوک بە میدیازانی راگەیاند،
دەست بە نۆژەنكردنەوەی كارگەی شیرەمەنی ریاز لە قەزای حەویجە كراوە کە ١٩ ساڵە پەکی کەوتووە.
“پارێزگاری كەركوك چەندینجار بە نووسراوی فەرمی داوای نۆژەنکردنەوەی كارگەکەی کردووە، ئەمە بوو کە پرۆگرامی نەتەوە یەكگرتۆكان ناسراو بە UNDP، رەزامەندیدا بۆ نۆژەنکردنەوەکەو بڕی ملیارێك و ١٠٠ ملیۆن دیناری بۆ تەرخانكراوە”. مەڕوان عانی وای وت.
کارگەی بەرهەمە شیرییەکانی ریاز، لە توانایدا هەیە رۆژانە سێ تۆن شیر بکاتە ماست، پەنیر، خامە، قەیماغ و خامە.
مەڕوان عانی، ئەوەشی خستەڕوو جگە لە بوژانەوەی کەرتی سامانی ئاژەڵی لە کەرکوک و دەڤەرەکە، ئەوا کارگەکە دەرفەتی کاری بۆ ١٠٠ هاوڵاتی ناوچەکەش رەخساندووە.
کارگەی بەرهەمە شیرییەکانی ریاز، دەکەوێتە قەزای حەویجە، ٤٠ ساڵ پێش ئەمڕۆ دروستکراوە، بەڵام دوای پڕۆسەی ئازادی لە ٢٠٠٣، کارگەکە پشتگوێ خرا، هاوکات داعش لەو کاتەی قەزای حەویجیە داگیر کرد، بەیەکجاری کارگەکەی هەڵوەشاندەوەو باڵەخانەکەشی رووخاند.