راگرتنى گەشتە ئاسمانییەکان لە فرۆکەخانەى برۆکسل
سەدان گەشت هەڵوەشاونەتەوە
مانگرتن ئاسمانی بەلجیکای داخست؛ پلانی گەشتی زیاتر لە 50 هەزار کەس تێکچوو
وریا فەتاح
بەهۆی مانگرتنێکی بەرفراوان لە دژی رێکارەکانی سکهەڵگوشین و کەمکردنەوەی خەرجییەکان، سەدان گەشتی ئاسمانی لە بەلجیکا هەڵوەشێنرانەوە و خزمەتگوزارییەکانی شەمەندەفەر و میترۆش لە برۆکسلی پایتەخت وەستاون.
سەرجەم جووڵەی ئاسمانی لە فڕۆکەخانەی “زاڤێنتێم”ـی برۆکسل و فڕۆکەخانەی “شارلەروا” راگیراوە کە بنکەی هێڵە ئاسمانییە هەرزانەکانە.
بەهۆی مانگرتنی چاودێرانی هاتووچۆی ئاسمانییەوە، رۆژی دووشەممە لە کاتژمێر 07:00ـی بەیانییەوە تا 21:00ـی شەو بە کاتی ناوخۆ هیچ فڕۆکەیەک لە فڕۆکەخانەی برۆکسل نافڕێت و نانیشێتەوە، بەهۆیەوە پلانی گەشتی زیاتر لە 50,000 گەشتیار تێکچووە و پێشبینی دەکرێت لە شەو و رۆژی سێشەممەشدا خەڵکی زیاتر زیان بکەن.
فڕۆکەخانەی برۆکسل پێشتر هۆشداری دابوو لە “لێکەوتەی کارەساتبار” و رایگەیاندبوو کە بەبێ چاودێریی هاتووچۆی ئاسمانی، هیچ فڕۆکەیەک ناتوانێت بفڕێت یان بنیشێتەوە. هاوکات لە برۆکسل لە کاتێکدا شەمەندەفەر و میترۆ راگیراون، هەزاران کەس بۆ بەشداریکردن لە رێپێوانێکی ناڕەزایەتی روویان لە پایتەخت کردووە.
ئەم مانگرتنە لە کاتێکدایە کە بارت دی وێڤەر، سەرۆکوەزیرانی بەلجیکا تا ئێستا نەیتوانیوە لەگەڵ هاوپەیمانەکانیدا لەسەر بودجەیەک بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکان رێکبکەوێت، سەرەتای ئەم مانگەش شا فیلیپ دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکوەزیرانی رەتکردەوە تا کاتی زیاتری پێبدات بۆ دانوستاندن.