بە دوو ملیار دینار ئامێدی خۆی نوێ دەکاتەوە
+964
هیڤی دیوالی -دهۆک
لە قەزای ئامێدی، بە بەهای زیاتر لە دوو ملیار دینار قوتابخانەیەک دروست دەکرێ، مزگەوتێکیش نۆژەن دەکرێتەوەو چەند پڕۆژەیەکی تریش دێتە ئەنجامدان.
وارشین سەلمان، قایمقامی قەزا ئامێدی بە میدیازانی راگەیاند، بە گوژمەی دوو ملیارو ٤٠٢ ملیۆن دینار، ژمارەیەک پڕۆژە لە سنووری قەزای ئامێدی دروست دەکرێن.
“لە گەڕەکی مرێبکای سەنتەری قەزای ئامێدی قوتابخانەیەکی ١٢ پۆلی بە ملیارێک و ٢٠٠ هەزار دینار دروست دەکرێت”. وارشین سەلمان وای وت، ئەوەش خستەڕوو بە ٤١ ملیۆن دینار مزگەوتی گەڕەکی مێرستەکێ نۆژەن دەکرێتەوە.
قایمقامی قەزای ئامێدی، ئەوەشی روونکردەوە کە شەقامی دەروازەی هاتن بۆ ئامێدی بە چیمەنتۆ سەب دەکرێتەوە، بۆ ئەمەش ٧١٨ ملیۆن دینار تەرخان کراوە، لەگەڵ ئەمەشدا بە ٧٠ ملیۆن دینار پەرژین بۆ گۆڕستانی ئامێدی دروست دەکرێت.
هاوکات ژمارەیەک پڕۆژە لە ناحیەی سەرسەنگ و کانی ماسی، سەر بە قەزای ئامێدی بە گوژمەی زیاتر لە ٣٤٣ ملیۆن دینار، لەوانە پەرژینی گۆڕستانی گوندی ئینشکێ، راکێشانی بۆڕی ئاو بۆ گوندی گوندکی لە ناحیەی سەرسەنگ و، دانانی تۆڕی ئاو بۆ کۆمەڵگەی بریفکا و دروستکردنی ئەمباری ئاو لە گوندی کێستە لە سنووری ناحیەی کانی ماسی.
ئامێدی، شارۆچکەیەکی سەر بە پارێزگای دهۆکە، دەکەوێتە باکوری رۆژهەڵاتی دهۆک و ٧٠ کیلۆمەتر لێیەوە دوورە.