“لە سلێمانی بەخشینی خوێن کەمیکردووە”

+964
دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی

ئەگەرچی له‌ مانگی رابردوودا سێ هەزار و ٨٩٥ بوتڵ خوێن به‌ بانكی خوێن له‌ سلێمانی بەخشراوە، بەڵام به‌ڕێوه‌به‌ری بانكه‌كه‌ ده‌ڵێت، خوێن به‌خشین كه‌میكردووه‌.

کۆچەر ئیبراهیم، بەڕێوەبەری بانکی خوێنی سلێمانی بە 964+ی راگەیاند، لە مانگی رابردوودا، حەوت هەزار و ٤٥٢ كەس بە هۆکاری جیا جیا سەردانی بانكی خوێنیان له‌ شاری سلێمانی كردووه‌، لەو ژماره‌یه‌ سێ هەزار و ٨٩٥ بوتڵ خوێن بە بانكه‌كه‌ به‌خشراوە.

ئەوەی خستەڕوو، ۷۲٤ بوتڵ خوێن بۆ نەخۆشخانەی تالاسیما، ٦٤۸ بوتڵ بۆ نەخۆشخانەی هیوا، ٤٥٦ بوتڵ بۆ نەخۆشخانەی شار و ۹۹۳ بوتڵ خوێن بۆ نەخۆشخانە ئەهلییەكان راكێشراوە.

بەڕێوەبەری بانکی خوێنی سلێمانی هه‌رچه‌نده‌ ئاماری مانگه‌كانی رابردووی ئاشكرا نه‌كرد، به‌ڵام پشتڕاستی كرده‌وه‌، رێژه‌كه‌ له‌ مانگی تشرینی یه‌كه‌م كه‌متره‌ و خوێنبه‌خشین كه‌م بووه‌.

“له‌ هاوین و له‌ كاتی پشووه‌كاندا، خه‌ڵكی خێرخواز یان ئه‌وانه‌ی بۆ ته‌ندروستی خۆیان خوێن ده‌به‌خشن، زیاتر روو له‌ بانكی خوێن ده‌كه‌ن، بەڵام له‌ زستاندا كه‌متر دێن”، كۆچه‌ر ئیبراهیم وای وت.

بەگوێرەی ئاماری بانکی خوێنی سلێمانی، خوێنی جۆری (-) ناقسەکان زۆر کەمە و داواکاریشی لەسەر کەمە، هاوڵاتیانی کوردستان خوێنیان بە گشتی A+ و O+ ـە و پاش ئەوانەش B+ و AB+ـە، هەندێک جاریش ته‌نگژه‌ دروست دەبێت بەڵام کاتییە.

کۆچەر ئیبراهیم وتی، جگه‌ له‌ بانكی خوێن، له‌ هیچ شوێنێكی تر خوێن له‌ كه‌س وه‌رناگیرێت، لە کاتی وەرگرتنی خوێنیشدا جارێکی دیكه‌ خوێنه‌كه‌ دەپشکندرێتەوە، ئه‌گه‌ر خوێنبه‌خش ڤایرۆس یان نه‌خۆشییه‌كی هه‌بێت، خوێنه‌كه‌ی له‌ناوده‌برێت.

به‌ هۆی توشبووانی نه‌خۆشیی تالاسیمیا، هه‌روه‌ها زۆربوونی رووداوه‌كانی هاتووچۆ له‌ كوردستان، خواست له‌سه‌ر وه‌رگرتنی خوێن له‌ بانكی خوێن له‌ شاره‌كانی كوردستان زۆره‌.