ئەم وێنەیە لە پەیجی فەڕمی پارێزگاری دهۆك وەرگیراوە
"هاوكاریەكان بەردەوامدەبن"
13 هەزار خێزانی هەژار لە دهۆك هاوكاری دەكرێن
كوردستان ئەحمەد – هەولێر
لە سنووری پارێزگای دهۆك، 13 هەزار خێزانی كەمدەرامەت لە مانگی رەمەزاندا هاوكاری وەردەگرن.
هەڵمەتەكە ئەمڕۆ شەممە 8.4.2023، لەلایەن پارێزگاری دهۆكەوە راگەیەنراوە، 440 خێزان لە قۆناغی یەكەمدا هاوكاریەكەیان وەرگرت.
هاوكاریەكە پێكدێت لە سەبەتەی خۆراك كە نۆك و نیسك و برنج و چەند جۆرێكی پاقلەمەنی تێدایە.
بڕیارە سبەی یەکشەممە 9.4.2023، سەبەتە خۆراكەكە و چەند هاوكاریەكی دیكە بەسەر خێزانەكانی دیكەدا دابەش بكرێن.
ئەم هاوكارییە سەرجەم سنوری پارێزگای دهۆك دەگرێتەوە و ئەو كەسانەی كە هاوكاریەكەیان بەسەردا دابەشدەكرێت ناویان لە لیستێكدا تۆماركراوە و لە رێگەی ئەنجومەنەكانەوە ناوی هەژارەكان تۆمار کراوە.
ئەم زانیاریانە لە پەیجی پارێزگاری دهۆک وەرگیراوە و تێیدا هاتووە، هاوكاریەكانیان بەردەوام دەبێت و كار لەسەر ئەوەشدەكەن هاوكاری زیاتر بە هاوڵاتیانی كەمدەرامەت بگەیەنرێت.