48 کاتژمێرە ون بووە

“هێشتا دەرباز نەدۆزراوەتەوە”

964+

مەجید بتوێنی – رانیە

ماوەی دوو رۆژە هاوڵاتیان و تیمەکانی بەرگری شارستانی لە چیای ماکۆک بەدوای گەنجە ون بووەکەدا دەگەڕێن، ئەمڕۆ هەواڵی دۆزینەوەی بڵاوکراویەوە، بەڵام کەسوکار و لایەنە پەیوەندارەکانی دەڵێن دەنگۆیە.

سەعدون عەبدوڵا، کەسوکاری دەرباز رزگار بە 964ـی وت” ئەمڕۆ بەشێوەیەکی چڕتر گەڕاننیان دەستپێکردووە، لەو کاتەدا هەواڵی دۆزینەوەی دەرباز بڵاوکرایەوە گوایە لە هەولێر دەستگیرکراوە لەلایەن ئاسایشەوە، بەڵام هێشتا دەنگۆیە و نازانن لەکوێیە”.

دەرباز رزگار تەمەنی 15 ساڵە و پۆڵی حەوتەمی بنەڕەتییە، لە کامێراکانی چاودێری دەرکەوتووە کاتژمێر 4ـی دوای نیوەڕۆی پێنجشەممەی رابردوو بۆ هێنانەوەی مانگاکانیان لە ماڵ دەچێتە دەرەوە بەرەو چیای ماکۆک، بەڵام مانگایەکان هاتنەوە و خۆیشی 48 کاتژمێرە بێ هەواڵە.

عەلی قادر، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی راپەڕین بە 964ـی راگەیاند “بە تیمی زیاتر لە چیای ماکۆک گەڕاوین،  بەڵام دەرباز لەوێ نەبوو.

دەشڵێت: هەواڵی دۆزینەوەی دەرباز تا ئێستا دوورە لە راستییەوە هیچ سەرچاوەیەکی فەرمی یان شایەتحاڵێک هەواڵیان بە ئەوان نەداوە ئەو کوڕە دۆزرابێتەوە و لە ژیاندا بێت.

ئاماژەشی بەوەکرد قسەیان لەگەڵ کەسوکاری دەرباز کردووە ئەوانیش هەر هەواڵەکەیان بیستووە لە بەشێک لە راگەیاندنەکان بڵاوکراوەتەوە گوایە زیندەوە و لە هەولێرە.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق