لە هەر یەک خولەکدا یەک گەشتیاری بیانی دێتە هەولێر

964+

هێمن بەکر – هەولێر

بە تەنیا لە ١٠ مانگی رابردوو، ٤٤٥ هەزار و ٨٥ گەشتیاری بیانی سەردانی شاری هەولێریان کردووە، بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری شارەکە.

بە رێژەی ناوەندیی، ٤٤ هەزار و ٥٠٠ گەشتیار دەکات بۆ یەک مانگ و بە نزیکەیی یەک گەشتیار دەکات بۆ هەر خولەکێک.

هەر لەو ١٠ مانگەدا، بە بیانی و عێراقیەوە، دوو ملیۆن و ٤٦٨ هەزار و ١٣٨ گەشتیار هاتوونەتە هەولێر.

ئەم ئامارە لە سەرەتای مانگی یەک تاوەکو کۆتایی مانگی دەی ئەمساڵ دەگرێتەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە هەر ١٢ مانگەکەی ساڵی ٢٠٢١، یەک ملیۆن و ٩٧١ هەزار و ٥٢٢ گەشتیار سەردانی هەولێریان کردووە.

نەریمان فازڵ، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری هەولێر بۆ 964+ قسەی کرد، وتی تەنیا ئەو بیانیانەیان هەژمارکردووە کە لە رێگەی فڕۆکەخانە و دەروازە سنورییەکانەوە هاتوون، واتە عێراقی نەبوون.

نەریمان فازڵ بەرزبوونەوەی ئاماری هاتنی گەشتیارانی بە ئەرێنیی باسکرد، وتی پلانیان دەبێت بۆ سەری ساڵی نوێ، بۆ ئەوەی بە باشیی پێشوازی لە گەشتیاران بکەن.

هەروەها نەیشاردەوە، ئەو گەشتیارانە کاریگەری گەورەیان هەیە لەسەر بارودۆخی ئابوری هەولێر و ئاڵوگۆڕی پارە لە بازارەکاندا.