"لە قازانجی پرۆسەکەیە"

دوو گۆڕانکاری لە پرۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە کراوە

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

لیژنەی هەرێم و پارێزگاکان لە پەرلەمانی عێراق بڕیاری داوە دوو گۆڕانکاری لە پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجەدا بکرێت، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمیش دەڵێت، گۆڕانکارییەکان لە قازانجی پرۆسەکەیە.

گۆڕانکارییەکان پەیوەستن بە دیاریکردنى سنوورى ئیداری پارێزگای هەڵەبجە و ژمارەی دانیشتووانی پارێزگاکە.

ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە لە فەیسبوکی خۆی رایگەیاند، رۆژی چوارشەممە لیژنەی هەرێم و پارێزگاکان کۆبووەتەوە و واژوویان لەسەر راپۆرتى کۆتایی پرۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە کردووە و بڕیاریانداوە ئەم گۆڕانکاریانە بکرێن:

یەکەم: لەبارەی گۆڕینی سنووری پارێزگاکە، ژمارەی دانیشتووانەکەی، پڕۆژەکانی پەرەپێدانی پارێزگاکان وکۆدی نێودەوڵەتی پارێزگاکە، هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پلاندانانی عێراق بکرێت.

دووەم: دەبێت هەموو دامەزراوە هەرێمی و فیدڕاڵییەکان پابەند بکرێن، کە یاساکە جێبەجێبکەن لە دوای ئەوەی کە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئەندامانی لیژنەکە رێککەوتوون، کە لە کۆبوونەوەی داهاتووی پەرلەماندا، خوێندنەوەی دووەم و دەنگدان بۆ پرۆژەیاساکە ئەنجام بدرێت.

بە وتەی ئامانج رەحیم ، “هەموو کوتلەکان نوێنەریان لەناو لیژنەی هەرێم و پارێزگاکان هەیە و هەڵوێستیان ئەرێنی بووە.”

سەرۆکوەزیرانی عێراق لە رۆژی 13.3.2023 پرۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجەی پەسەند کرد و رەوانەی پەرلەمانی عێراقی کرد.