کەمی پڕۆژەی خزمەتگوزاری هاوڵاتیانی سەنگەسەری بێ هیوا کردووە
+964
ژێوار خدر- راپەڕین
ناحیەی سەنگەسەر کە لە رووی ئیدارییەوە سەر بە قەزای پشدەرە، بە وتەی دانیشتووانەکەی لە زۆر لایەنەوە پشتگوێخراوە و کەمترین پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ کراوە.
رەسوڵ داود یەکێکە لەو هاوڵاتیانەی زۆر بێ ئومێدانە قسە دەکات و دەڵێت: شەقام و هەموو کون وکەلەبەرێکی ئەم شارە پێویستی بە جوانکارییە، بەڵام کەس نییە.
ئەو بۆ تۆڕی 964 وتی: سەنگەسەر 96 ساڵە ناحیەیە و تا ئێستا هیچی بۆ نەکراوە
خراپیی رێگەوبان و تاریکی شەقام و کەمی سەوزایی و پارک و تاپۆنەکردنی خانووە بێ تاپۆکان بەشێکن لە ناڕەزایەتییەکانی هاوڵاتیانی سەنگەسەر.
هەڵبەست حوسێن هاوڵاتییەکی دیکەی سەنگەسەرە و دەڵێت: “ئەم شارە چەندان جار وێران کراوە، بەڵام تا ئێستا خزمەتێکی وانەکراوە کە شایەنی باسکردن بێت.
+964 بۆ بەدواداچون سەبارەت بە هۆکاری کەمیی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان سەردانی سەرۆکایەتی شارەوانیی سەنگەسەری کرد و دلێر ئیسماعیل سەرۆکی شارەوانی رایگەیاند، قەیرانی دارایی یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی وەستانی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی ئەو ناحیەیە.
وتیشی، “حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر بودجەی پەرەپێدانی هەرێمەکان کۆمەڵێک پڕۆژەی راگەیاندووە، کە ناحیەی سەنگەسەر لێیان بێبەش نەبووە و لە داهاتوویەکی نزیکدا دەکەونە بواری جێبەجێکردنەوە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا