هێڵی شەمەندەفەر لەنێوان عێراق و ئێران دروست دەکرێت
964+
فەهمی نەبی
وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایگەیاند، لەگەڵ ئێران گەیشتوونەتە رێکەوتن بۆ دروستکردنی هێڵی شەمەندەفەر لە نێوان سنوری شەلەمچە و شاری بەسڕە.
ئەمڕۆ 6.4.2023 وەزارەتی گواستنەوەی عێراق لەسەر زاری رەزاق موحیبس، وەزیری گواستنەوەی عێراق ئەو هەواڵەی راگەیاند، ئەمەش دوای سەردانێکی بۆ تاران و واژۆکردنی رێککەوتن لەو بارەیەوە لەگەڵ هاوتا ئێرانیەکەی.
بەپێی هەواڵەکە بێت، دوای جەژنی رەمەزان، عێراق دەستدەکات بە پاککردنەوەی رێگای سنوورەکانی لە مینی هەشت ساڵەی شەڕی نێوان عێراق و ئێران.
بە وتەی وەزیری گواستنەوەی عێراق هێڵی ئاسنینی نێوان دەروازەی سنووری شەلەمچە لە دیوی ئێران و شاری بەسڕە، بڕیارە لە نزیکترین کات دەستپێکبکات.
بەستنەوەی عێراق و ئێران بە هێڵی شەمەندەفەر، سودی زۆری بۆ گەشتیاری ئاینی دەبێت بە تایبەت زیارەتکارانی شیعە بۆ مەزارە ئاینەیەکان، ئەمەش بە وتەی هەواڵەکەی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق.