ساماڵ عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری گومرگی ھەرێمی کوردستان. فۆتۆ: 964
گومرگی هەرێم: دەمانەوێت لە رووی کارگێڕییەوە سەر بە هەولێر بین نەک بەغدا
964+
ئەحمەد مستەفا
رێکەوتنی ھەولێر و بەغدا، بە دڵی گومرگی ھەرێمی کوردستانە، دۆخە نوێیەکە بە ھۆکار دەزانن تا زووە لەگەڵ گومرگی عێراق کۆببنەوە و پەیوەندی نێوانیان رێکبخەنەوە.
ھەرێمی کوردستان چوار دەروازەی نێودەوڵەتی و 7 دەروازەی بازرگانی لاوەکی ھەیە، کە سەرجەمیان لەلایەن دامودەزگا گومرگییەکانی ھەرێمی کوردستانەوە رێنمایی و رێکاری ھونەرییان بۆ دەردەچوێندرێت و بەڕێوەدەبرێن.
گومرگی ھەرێمی کوردستان نایشارێتەوە کە پەیوەندییان لەگەڵ گومرگی عێراق و دەستەی دەروازە سنوورییەکان ھەیە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 6.4.2023، ساماڵ عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری گومرگی ھەرێمی کوردستان بە تۆڕی 964ی وت، “دۆخی ئێستای پەیوەندی ھەرێمی کوردستان و عێراق، دەرفەتێکی باشترە تا لەم قۆناغەدا بۆ رێکخستنەوەیەکی نوێ کۆببینەوە”.
“پێشنیاری ئێمە ئەوە دەبێت کە لە رێنماییە گومرگییەکان، رێکارە تەکنیکی و ھونەرییەکان لەگەڵ سەرجەم دەروازەکانی حکومەتی عێراقی یەک بەرنامە بێت، بەڵام لە رووی کارگێڕی دارایی سەر بە وەزارەتی دارایی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بێت، تێگەشتن بۆ ئەمەش ھەیە”، ساماڵ عەبدولڕەحمان وای وت.
داھات و رێکاری مەرزە لاوەکییەکان بەردەوام چاوی لەسەر بووە، لە بارەی ئەو بارانەی بە لاندکرۆزەر (میکزەمینی) یان ئەسپ لە دەروازە لاوەکییەکانەوە دەھێنرێن یان ئاڵوگۆڕیان پێدەکرێت و لە خانەکاندا ھەڵدەگیرێن لەنێوان سنورەکانی ھەرێمی کوردستان بۆ ئێران و تورکیا، ساماڵ وتی، “زۆرینەیان کەلوپەلی ناوماڵ، کارەبایی و جوانکاری خانمانن، ھەموویان پشکنین و وەسڵی گومرگییان بۆ دەکرێت، لەو حاڵەتەدا نابن بە باری قاچاغ و دەروازەکان کۆنترۆڵکراون”.
پێشتر حەسەن عەکیلی، بەڕێوەبەری دەستەی گشتی گومرگی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا وتی، “بابەتی داهاتی گومرگی مەرکەزی و خاڵە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان پەیوەندی بە دەستەی گومرگییەوە هەیە و ناچێتە ناو بودجەوە و لێکتێگەیشتن هەیە بۆ یەکخستنی رێکارەکان و هاتوچۆی بازرگانیش لەنێوان ناوەند و هەرێمدا یەکبخرێت”.
ئەم ھەنگاوە ھاوبەشە پووچەڵکردنەوەی ئەو بڕیارەیە کە مانگی نیسانی ساڵی 2022 ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق وەزارەتی دارایی راسپارد لە رێگەی دەستەی خاڵە گومرگییەکانەوە حەوت خاڵی گومرگی لەنێوان ھەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق دابنێن، ھەنگاوێک کە لە ژووری بازرگانیشەوە پشتیوانی و پشتگیری لێ بکرێت گەر حکومەتی ھەرێمی کوردستان پابەندی یەکخستنی پێناسی گومرگی نەبوو.
بەپێی داتای بەڕێوەبەرایەتی گومرگی حکومەتی عێراق، داهاتی گومرگی لە سەرجەم دەروازەکان لە ساڵانی 2019 و 2020 و 2021 نزیکەی 14 ملیار دۆلار بووە.
پێداچوونەوە: هێمن بەکر