'هۆکار پەکەکەیە'

تورکیا راگرتنی گەشتەکانی بۆ سلێمانی درێژکردەوە

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

کۆمپانیای تورکیش ئێرلاین، راگرتنی گەشتەکانی بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی، تا رۆژی 3ی تەموز درێژکردەوە و وەزارەتی دەرەوەی تورکیاش دەڵێت، هۆکارەکەی چالاکییەکانی پەکەکەیە.

تانژو بیلگیچ، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئەمڕۆ چوارشەممە لە راگەیەندراوێکدا وتی، تا رۆژی 3ی تەمموز تورکیا ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕووی ئەو فڕۆکانەدا داخستووە, کە لە فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە گەشت دەکەن.

“بە هۆی چڕبوونەوەی چالاکییەکانی پەکەکە و دزەکردنی پەکەکە بۆ ناو فڕۆکەخانە و هەڕەشەکردن لە ئاسایشی گەشتە ئاسمانییەکان، ئەو بریارە دراوە،” تانژو بیلگیچ وای وت.

وتیشی، لە ژێر رۆشنایی ئەو پێشهاتانەدا پێداچوونەوە بە بڕیارەکەدا دەکرێت و تا ئەو رێکەوتەی ئاماژەی پێکراوە، لە نزیکەوە چاودێری دەکەن.

رۆژی 4.4.2023، دانا محەمەد سەعید، لێپرسراوی پەیوەندییە گشتییەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی بە 964ی راگەیاند، ئیمەیلێکیان لە کۆمپانیای تورکیش ئێرلاین پێگەیشتووە، کە باس لە بڕیاری راگرتنی گەشتەکان دەکات بە شێوەیەکی کاتی.