ترشە سماقیش ساختەکرا

964+

فەهمی نەبی

قایمقامییەتی سلێمانی جۆرێک ترشە سماق قەدەغە دەکات کە نەشیاوە بۆ خواردن، چونکە بە وتەی خۆیان زیانی بۆ تەندروستی هەیە و لە سێ پێکهاتەی جیاواز دروستکراوە.
بە وتەی لیژنەکانی قایمقامیەت، ئەو ترشە سماقە لە بازاڕی سلێمانی فرۆشراوە، لە کەپەک و رەنگ و لیمۆدزی دروستکراوە.
ئەمڕۆ 5.4.2023 قایمقامییەتی سلێمانی ئەو ئاگاداریەی لە پەڕەی فەرمی قایمقامییەت لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاوکردوەتەوە.

بە وتەی هیوا ساڵح، نوێنەری تەندروستی سلێمانی لە لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەت، ئەو جۆرە ترشە سماقەیان لە تاقیگەکانی پشکنینی خۆراک دەرنەچووە، چونکە نەگونجاوە بۆ خواردن.

بەپێی ئەو پشکنینانە بێت کە بۆ ئەو جۆرە ترشە سماقە کراوە، رەنگی دەستکرد و لیمۆدزی E330 بۆ ئەو جۆرە ترشە زیادکراوە، لە کاتێکدا سەرجەمی بەرهەمی ترش روەکییە و هیچ پێکهاتەیەکی بۆ زیاد ناکرێت.

قایمقامییەتی سلێمانی، هۆشداری دەداتە هاوڵاتیان کە ئەو سماقەی لە بازاڕی سلێمانی لە کیسێک کراوە بەناوی “سماقی ئاکرێ” دەفرۆشرێت نەیکڕن.