هەفتەیەک دەرفەتە
دەرگای پاڵاوتن بۆ ئەنجومەنی کۆمسیاران کرایەوە
964+
فەرمان سادق
دەرگای پاڵاوتن بۆ ئەندامیەتی کۆمسیۆن باڵای دەکرێتەوە. ئەندامێکی لیژنەکەش دەڵێت هەر کەسێک مەرجەکانی تێدا بێت بۆی هەیە خۆی کاندند بکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە 5.4.2023، بە فەرمی دەرگای خۆپاڵاوتن کرایەوە بۆ ئەوانەی دەیانەوێت خۆیان کاندید بکەن بۆ ئەندامیەتی ئەنجومەنی کۆمسیارانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستان.
لیژنەکە لە 15.3.2023 لە کۆبوونەوەی ژمارە 2ـی خولی بەهارەی پەرلەمان بڕیاری لەسەردرا کە پێکهاتووە لە نوێنەرێکی لایەن کریستیانەکان، یەکێتی، پارتی، گۆڕان و لایەنە تورکمانەکان.
ئەو لیژنە تایبەتە لە 29.3.2023 یەکەم کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی گرێدا، بڕیاریاندا لە 5.4 تاوەکو 12.4.2023، سی ڤی لەو کەسانە وەربگرن کە دەیانەوێت خۆیان کاندید بکەن بۆ ئەندامیەتی ئەنجومەنی کۆمسیاران.
964 دەزانێت، لایەنە سیاسییەکان لێکگەیشتنێکی هاوبەشیان هەیە لەسەر ئەوەی پێکهاتەی کۆمسیۆنەکە وەک خۆی بمێنێتەوە، دەرفەتی ئەوەش بە لایەن سیاسییەکان دراوە کە دەتوانن نوێنەری خۆیان لە کۆمسیۆنەکە بگۆڕن.
ئەوانەی دەبنە ئەندامی کۆمسیۆن بەپێی مادەی (5) لە یاسای ژمارە (4)ـی ساڵی 2014، ئەم مەرجانەیان دەبێت تێدا بێت:
1- هاوڵاتیی كوردستان – عیراق بێت و به به‌رده‌وامی تێیدا نیشته‌جێ بێت.
2- به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه ده‌بێت خاوه‌نی بڕوانامه‌ی به‌رایی زانكۆیی بێت.
3- ته‌مه‌نی له (30) سی ساڵ كه‌متر نه‌بێت.
4- خاوه‌ن ئه‌زموون بێت و توانا و ده‌سپاك بێت و بێلایه‌نی سه‌لمێنراو بێت.
5- خاوه‌ن ره‌فتار و رابردوویه‌كی چاك بێت و به تاوانێكی ئابڕووبه‌ر حوكم نه‌درابێت.
6- به‌شداریی نه‌كردبێت له‌و تاوانانه‌ی كه له‌لایه‌ن رژێمی به‌عسه‌وه پیلانی بۆ داڕیژرابێت یان ئه‌نجامدرابێت بۆ سه‌ركوتكردنی گه‌لی كوردستان و گشت گه‌لانی عیراق و هه‌روه‌ها به‌عسی نه‌بووبێت به گوێره‌ی یاسای ژماره (18)ـی ساڵی 2003.
7- ئینیتمای بۆ هیچ پارتێكی سیاسی نه‌بێت له‌كاتی ئه‌ندامییه‌تیدا له ئه‌نجومه‌ن.
ئەنجومەنی کۆمسیاران لە نۆ ئەندام پێکهاتووە کە دوو لەوان پارتی و دووی دیکەش یەکێتی، کورسییەک بۆ هەریەکە لە بزوتنەوەی گۆڕان، کۆمەڵی دادگەری، یەکگرتووی ئیسلامی، پێکهاتەی کریستیانەکان و پێکهاتەی تورکمانەکان.
لە ئێستا ئەنجومەنەکە دوو ئەندامی کەمە، نوێنەری تورکمانەکان بەهۆی کۆرۆناوە گیانی لەدەستداوە و تا ئێستا کەس جێگەی نەگرتووەتەوە.
هەروەها جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێم لە پشکی پارتی ئەندامی کۆمسیۆنەکە بوو، دەستی لەکار کێشاندەوە.
بەڵێن ئیسماعێل، ئەندامی لیژنەی تایبه‌ت به كاراكردنه‌وه‌ى كۆمیسیۆن له په‌رله‌مانی كوردستان بە 964ـی راگەیاند: هەر کەسێک مەرجەکانی ئەندامبوونی تێدا بێت بەپێی یاسای کۆمسیۆن، ئەوا بۆی هەیە سی ڤی رەوانەی دیوانی پەرلەمان بکات، ئەوانیش سی ڤییەکان رەوانەی لیژنە تایبەتەکە دەکەن.
زیاتر وتی “دواتر لیژنەکە هەڵسەنگاندنی بۆ سی ڤییەکان دەکات و ناوەکان رەوانەی سەرۆکایەتی پەرلەمان دەکات”.
لە بارەی لێکگەیشتنی لایەن سیاسییەکانیش، بەڵێن ئیسماعیل ئەوەی خستەڕوو کە وەک لیژنە حەقیان بەسەر لێکگەیشتنەکە نییە، بەڵکو “لیژنە مامەڵە لەگەڵ سی ڤی دەکات”.