“ئەگەری لافاو لە هەولێرو سلێمانی هەیە”
چوارشەممەو پێنجشەممە بارانێکی بەخوڕ دەبارێ و بەفریشی لەگەڵ دایە
میدیازان – زینوێ راوی – دێسکی هەولێر
کەشناسی هەرێمی کوردستان، پێشبینی دەکات لە کۆتایی ئەم هەفتەیە بارانێکی بەخوڕ هەولێرو سلێمانی بگرێتەوەو، دەڵێ لە ناوچە شاخاوییەکانیش ئەگەری بارینی بەفر هەیە.
ئەمڕۆ سێشەممە ١٥ـی تشرینی دووەم، کەشناسی هەرێمی کوەردستان کە سەر بە بەڕێوبەرایەتی گشتی گواستنەوەو گەیاندنە، رایگەیاند
شەپۆلێکی باران بارین ناوچەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەگرێتەوەو، هۆشداری دروستبوونی لافاویشی دا لە هەولێرو سلێمانی.
بەڕێوبەرایەتی گشتی گواستنەوەو گەیاندن، لە پەیجی تایبەتی خۆیان لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لە راگەیەنراوێکدا لەبارەی ئەگەری دروستبوونی لافاو لە رۆژانی چوارشەممەو پێنجشەممەی داهاتوو لە هەردوو پارێزگای هەولێرو سلێمانی، رایگەیاند هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ژێر کاریگەری شەپۆلیکی بارانبارین کەکاریگەری دوو نزمە پاڵەپەستۆی دەریای ناوڕاست و دەریای سوورە، ئەم شەپۆڵی باران بارینە تاوەکو رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو بەردەوام دەبێت.
زیاتر روونی کردەوە، کاریگەرییەکە زیاتر هەردوو پاریزگای هەولێرو سلێمانی دەگرێتەوە، تایبەتتریش سلێمانی کە لەوێ بارانی بە لێزمەو بەخوڕ دەبارێت و هەورە تریشقەیشی لەگەڵ دەبێت.
“لەسەر لووتکەی شاخە بەرزە سنوورییەکانیش، بەفرێکی کەم دەبارێت و پلەکانی گەرما بەگشتی کەمێک نزم دەبنەوە”.
راگەیەنراوەکەی بەڕێوبەرایەتی گشتی گواستنەوەو گەیاندنی هەرێم لە کاتێکدایە دوێنی کەشناسی عێراق پێشبینی روودانی لافاوی لە هەولێرو سلێمانی کردبوو.
بەڕێوبەرایەتی گشتی گواستنەوەو گەیاندن، پشتڕاستی ئەو زانیارییە دەکاتەوەو، دەڵێ لە هەندێک ناوچەی جیاواز ئەگەری بارانی بەخۆڕو تەرزە و روودانی لافاو دەکرێت.