33 کەس دەستگیر کراوە
لە سلێمانی لە سێ مانگدا 550 دار بڕاونەتەوە
964+
ئەحمەد مستەفا – سلێمانی
لە زستانی ئەمساڵدا زیاتر لە 550 دار بڕدراونەتەوە کە داری تەمەن یەک ساڵەشی تێدا بووە.
لە سێ مانگی زستانی ئەمساڵدا لە (21.12.2022 تاوەکو 21.3.2023) لە سنووی پارێزگای سلێمانی 550 داری سروشتی بڕدراونەتەوە، بۆ ئەمەش 33 کەس وەک تۆمەتبار دەستگیر کراون.
بەپێی زانیارییەکانی پۆلیسی دارستانی سلێمانی بێت، ئەو دارانە لە سنووری 10 قەزا و 24 ناحیە بڕدراونەتەوە.
مقەدەم ھێمن کەمەرخان، وتەبێژی پۆلیسی دارستانی سلێمانی بە 964ـی وت، ئەو دارانەی بڕاونەتەوە، تەمەنیان جیاوازە لە یەک ساڵی تێدایە تا داگاتە 150 ساڵی.
زیاتر وتی “ئەوانەی دەستگیر کراون دراونەتە دادگا و پاساوی داربڕینەکەشیان بۆ نەبوونی نەوت گەڕاندووەتەوە، بەڵام ئەوە بیانوو نییە بۆ داربڕین”.
بەپێی ئامارەکانی پۆلیسی دارستان بێت، لە ناوچە دوورە دەستەکان 770 فەردە خەڵوز دەستی بەسەردا گیراوە و چوار کورەی خەڵوزیش تێکدراون.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق